هەولێر بردنەوەی بەدەست هێنا – ئیمپڕاتۆری شورتەی بە تاکە گۆڵی تەیمیرۆڤ تێکشکاند و پێشەنگی خولی ئەستێرەکانی عێراقی گرت.

لە گەڕی پێنجەمی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا یانەی وەرزشی هەولێر لەنێو یاریگای پڕ لە ئاپۆرای هاندەرانی، سەرکەوتنێکی زۆر گرنگی بەدەست هێنا بەسەر یانەی شورتەی عێراقیدا . ئەم بردنەوەیە یانەی هەولێری بە شێوەیەکی کاتی گەیاندە ڕیزبەندی یەکەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق و درێژەی بە سەرکەوتنە لەسەریەکەکانی دا.

تاکە گۆڵی یارییەکە و درەوشانەوەی شێرزود تەیمیرۆڤ.

پاڵەوانی ئەم یارییە، بێ گومان، یاریزانی ئۆزباکستانی شێرزود تەیمیرۆڤ بوو. تەیمیرۆڤ نەک تەنها توانی تاکە گۆڵی یارییەکە تۆمار بکات و ئاستێکی بەرز پێشکەش بکات، بەڵکو بەم گۆڵەش ژمارەی گۆڵەکانی گەیاندە پێنج گۆڵ و بەمەش بەتەنها پلەی یەکەمی گۆڵکارانی خولی ئەستێرەکانی عێراقی گرت.

ئەم یاریزانە، کە ئەمساڵ بە شێوەیەکی ئازاد پەیوەندی بە یانەی هەولێرەوە کرد، بووەتە یاریزانێکی کاریگەری یەکەم و جێگەی دڵخۆشی هاندەرانی زەردپۆشەکان.

پێنج یاری بێ دۆڕان، پێچەوانەی پێشبینییەکان.

یانەی هەولێر لەم وەرزەدا ئاستێکی سەرسوڕهێنەری پێشکەش کردووە، بەتایبەتی لە کاتێکدا کە ڕاهێنەر باسم قاسم پێش دەستپێکردنی وەرز داوای لە هاندەران کردبوو ئارام بگرن و پێشبینی سەرەتایەکی خراپی دەکرد.
بەڵام ئەنجامەکان پێچەوانەی لێدوانەکەی سەلماند: لە پێنج یاری، یانەی هەولێر توانیویەتی چوار بردنەوە و یەک بەرامبەربوون بەدەست بهێنێت، ئەمەش وای کردووە کە ‘ئیمپڕاتۆری كوردان’ بە شایستەییەوە لوتکەی خولەکە بگرێت.

هەوڵی وەرزش دۆستانە بۆ نەورۆز
پێش دەستپێکردنی ئەم یارییە گرنگە.

هەڵمەتێکی کۆکردنەوەی کۆمەکی دارایی بۆ یانەی نەورۆز لە یاریگای هەولێر بەڕێوەچوو. ئەم کۆمەکە لەلایەن گروپێک کەسایەتی شاری هەولێرەوە بۆ نەورۆز کۆکرایەوە، بەهۆی ئەو کێشە دارایی و قەرزانەی ڕووبەڕووی یانەکە ببوونەوە، ئەمەش نیشانەی ڕۆحێکی برایانەیە لەنێوان یانەکانی کوردستاندا.

ئیسماعیل عەلی ڕۆژنامە نوسی وەرزشی تایبەت بە شارەزوور پرێس.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

− 4 = 2
Powered by MathCaptcha