
یانەی وەرزشی نەورۆز، نوێنەری شاری سلێمانی لە خولی ئەستێرەکانی عێراق، ماوەیەکە چارەنووسی بووەتە جێگەی پرسیار و نیگەرانی هاندەرانی. بەتایبەت دوای ئەوەی لە سەرچاوە جیاوازەکانەوە باس لە قەیرانی دارایی و کێشە کارگێڕییەکان کراوە.
بەپێی دوایین زانیارییەکان کە دەست “یاریگا” کەوتوون، یانەی نەورۆز تووشی کێشەی دارایی بووەتەوە. بەشێک لە بەرپرسانی یانەکە ئاماژە بەوە دەکەن کە قەرزێکی زۆریان لەسەر کۆ بووەتەوە و داوای هاوکاری دارایی لە حکومەتی خۆجێی و سەرمایەدارانی شارەکە دەکەن.
هەروەها، زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە یانەکە تا ئێستا دڵنیا نییە لەوەی کە توانای دابینکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی یاریزانانی هەیە یان نا، بۆیە لەگەڵ بەرپرساندا لە گفتوگۆدان بۆ ئەوەی بڕیاری کۆتایی لەبارەی بەشداریکردن لە خولی ئەستێرەکانی عێراق بۆ وەرزی نوێ بدەن.
لەلایەکی دیکەوە، هەندێک لە یاریزانانی یانەکە داوای مافی دەستبەرداربوونیان کردووە، چونکە متمانەیان بە داهاتووی یانەکە نەماوە. ئەم دۆخە نادیارە بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی دەنگۆی گۆڕانکاری لە دەستەی کارگێڕی یانەکە.
لەگەڵ ئەمانەشدا، ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن کە هەوڵ هەیە بۆ ئەوەی یانەکە بە زووترین کات لە کێشە سیاسییەکان بە دوور بخرێت و دۆخی داراییەکەی باشتر بکرێت، بەڵام چارەنووسی یەکلاکەرەوەی یانەی نەورۆز بۆ وەرزی نوێ هێشتا بە تەواوی ڕوون نەبووەتەوە و چاوەڕێی بڕیاری کۆتایی دەکرێت.
تێبینی: یانەی نەورۆز بۆ یەکەمجار لە مێژووی خۆیدا لە وەرزی ٢٠٢١-٢٠٢٢ گەیشتە خولی نایابی عێراق (خولی ئەستێرەکان).

تەها علی ڕۆژنامەنوسی وەرزشی تایبەت بە شارەزوور پرێس