یانەی وەرزشی هەولێر، ئەمشەو لە دەرەوەی یاریگای خۆی، توانی سەرکەوتنێکی زۆر گرنگ لە بەرامبەر یانەی خاوەن یاریگا، نەورۆز، بەدەستبهێنێت و بەمەش پێشەنگی ڕیزبەندی خولی ئەستێرەکانی عێراقی گرت. کلاسیکۆی کوردستان یارییەکی بەهێز و پڕ کێبڕکێ بوو لەنێوان هەردوو یانەدا.
سەرکەوتنێکی پڕ بەها بۆ هەولێر
هەولێر بۆ بەردەوامبوون لە ئاستە بەرزەکەی لەم وەرزەدا، بەوپەڕی هێزەوە ڕووبەڕووی نەورۆز بووەوە. یانەکە لە خولەکی ٨٠ی یارییەکەدا گەیشتە ئامانج، کاتێک ئۆگنێین مرشیچ بە هەڵە گۆڵێکی لەسەر یانەی نەورۆز تۆمارکرد و بەم گۆڵە تاکەکەسییە، هەولێر بە ئەنجامی (١-٠) پێشخست.
هەرچەندە دواتر نەورۆز توانی گۆڵی یەکسانبوون تۆماربکات، بەڵام ناوبژیوان بە بیانووی ئۆفساید ڕەتیکردەوە.
بەهێزبوونی پێگەی هەولێر لە خولی ئەستێرەکانی عێراقدا
بەم بردنەوەیە، یانەی هەولێر توانی پێگەی خۆی لە لوتکەی خولەکەدا قایمتر بکات. ڕیکۆردی ئەم وەرزەی یانەی هەولێر نایابە:
- لە کۆی شەش یاری، پێنج سەرکەوتن و یەک یەکسانبوونی هەیە.
- تا ئێستا لەم وەرزەدا دووچاری هیچ شکستێک نەبووە.
- کۆی خاڵەکانی گەیاندە ١٦ خاڵ و لە پلەی یەکەمی ڕیزبەندی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا جێگیر بوو.
نەورۆز لە دۆخێکی نالەباردا
لە بەرامبەردا، یانەی نەورۆز بەردەوامە لە تێپەڕاندنی قۆناغێکی زۆر سەخت و دووچاری کێشەیەکی گەورە بووەتەوە. جگە لە کێشە داراییەکان، یانەکە لەم وەرزەدا تەنها یەک بردنەوەی تۆمارکردووە و ٥ شکستی هێناوە و تەنها ٣ خاڵی هەیە.
نەورۆز ئێستا لە پلەی ١٨ ڕیزبەندییە و مەترسی دابەزینی لەسەرە.
سەرەڕای گۆڕینی ڕاهێنەرەکەی بۆ والی کەریم لە جێگەی یاسین ئاراس، بەڵام یانەکە ئەمڕۆ جارێکی دیکە دووچاری شکستێکی دیکە بووەوە.

ئیسماعیل عەلی ڕۆژنامە نوسی وەرزشی تایبەت بە شارەزوور پرێس