وەفایەك بۆگوندی داریان و داریانییەكان با لەبیرمان نەچنەوە.

لە15-5- 1987دا لەپاش وێرانكردنی هەردوو گەڕەكی(كانی عاشقان و مۆردانە)ی هەڵەبجە ئاوارەبووین بۆ وڵاتی ئێران، لەئۆردوگای سەریاسی پاوە دایان ناین هەتا 4-12-1987 كەبەفر چادرەكانی داپۆشی و توانای ژیانمان نەما لەو كوێستانەدا، ئاوارەكان زۆریان هێنا و نیشتنە سەر پەرژین و تەلبەنی ئۆردوگاكە و داوایان كرد ڕێگەبدرێن بڕۆن بەلایەكدا، چەندین كەسایەتی هەوڵیاندا بۆ چارەسەری ئەو گرفتە یەكێك لەوانەی كەداوای كردبوو لە جەنابی مامۆستا مەلا قادری قادری ئیمام جومعەی پاوە و كاربەدەستانی شاری پاوە كە خەمی ئەو خەڵكە بخۆن و یارمەتیان بدەن جەنابی مامۆستا مەلا عوسمانی هەڵەبجە بوو، پێی وتبون من كەفالەتی هەموو ئەو خەڵكەی هەڵەبجە دەكەم، ئیتر ئاوارەكان ئەوەی توانای هەبوو خانووی بەكرێ گرت ڕۆشت، ئەوەی خزم و ناسراوی هەبوو هاتن بە شوێنیدا ڕۆشت، ئێمەش لەبیری ئەوەدا بووین سبەینێ ڕۆژبویەوە بڕۆین خانوو بەكرێ بگرین و بڕۆین، شەو مامۆستا عوسمانی محەمەدی سەید ئەحمەد بامۆكی هات وتی مامۆستا ئەو خوشكەزا و خاڵۆزا و خزمانەمان هاتوون بەدواماندا بڕۆین بۆ داریان ئێوەش وەرن با بڕۆین، من و برا و خوشكەكانم وتمان مامۆستا ئێوە بڕۆن ئێمە ئەومانگانەمان هەیە با چارەسەریان بكەین، ئیتر مامۆستا عوسمان و كاك محەمەدی مەلا عەبدوڵای پورزای وتیان ئێوە نەیەن ئێمەش ناڕۆین، بەو جۆرە بڕیارماندا بڕۆین بۆ گوندی داریان، كەل و پەلەكانمان باركرد لە گەڵابە و دوو كابینە وخۆمان و ژن و مناڵەكانیش سەركەوتین و ڕۆشتین بە نابەڵەدی و بەشەو، ڕێگاكە ئەوكاتە زۆر ناخۆش بوو هەورازێك هاتە ڕێمان كە لە گوندی (وڕا)وە سەردەكەویت بۆ داریان خەریك بوو زیڕە بكەین ئەتوت پردی سیراتە، هەرچۆن بوو گەیشتین و بار داگیرا و گەرمیان كردینەوە و ماڵیان بۆ گرتین و دامەزراین، لە ماڵەكانی كاكە تەیموری خاڵۆ كاكەئەحمەدی مەكاری دابووین، دواتر من ڕۆشتمە ماڵی كاك فەیرۆز خاڵۆ حەمەسەعید سەعیدی. دواتر مانگاكانیشمان هێنا بۆ داریان، لە15-3-1988دا هەڵەبجە گیرا لەلایەن هێزەكانی ئێران و پێشمەرگەی لایەنەكانی كوردستانەوە و ڕژێم هەلی بۆ ڕەخسا هەقی بەر و دوا لە خەڵك و شاری هەڵەبجە بكاتەوە لە ڕۆژی ١٦/٣/١٩٨٨ دا بە غازی خەردەل وسیانید و كیمیایی لێیدا و پێنج هەزار مرۆڤ شەهید بوون و دەهازریش بریندار و باقییەكەشی ئاوارە و سەرگەردان بوون، خوا هەقمان بسێنێ لە سەبەب كارەكەی هەركەسبوو، ئەم ماڵە هەڵەبجەییانە لە داریان بووین:
1-مامۆستا عوسمان محەمەد 2- كاك محەمەد مەلا عەبدوڵا 3- كاك حەمەسەعید كانی پانكەیی. 4-ماڵی(براو خوشكەكانم) جگە لە باوكم و دایكم و خالد و باكۆ كە لە بامۆك مابوون.
5- مامۆستا تاهیر بامۆكی 6 -عەبدولكەریم ئەحمەد بارام بامۆكی  7- كاك ڕەسوڵی كوێخا كەریم باوەكۆچەكی.   8- مامۆستا ئەحمەد مەلاڕەشید باوەكۆچەكی.
ئەو برا بەڕێزانەی كەهاتن بە دەممانەوە ئەمانە بوون:
حاجی فەتاحی دەروێش رافیع مرادی–مامۆستا ئەسكەندەر دەروێش ڕافیع مرادی
كاك جەهانگیر دەروێش ڕافیع  مرادی – حاج وەهبی خاڵۆ شەهاب حمیدی
حاجی یەحیا خاڵۆ شەهاب حمیدی سایقی دووكابینەكەی حاج فەتاح
كاك لایق دەروێش كاكە میر درەخشان سایقی دووكابینە
كاك صاڵح صدیقی سایقی گەڵابەكەی حاجی فەتاح.
  هەرچەندە لە ڕێگەی بنەماڵەی خاڵۆ حەمەی سەید ئەحمەدەوە لە دۆستان و خزمانی داریان و دراوسێكان دانەبڕاوین و چەندجاریش سەردانم كردوون بەڵام لەپاش 38 ساڵ بای خەیاڵ بردمیەوە بۆ (ئاوایی داریان)ی سەربەشاری پاوە نزیك لە ڕوباری سیروان و بەنداوی داریان، لەدامێنی شاخی گەردن بەرزی (شاهۆ)دا كەبەرزترین لوتكەی(كەلی نوورە) 3100 پێ لەئاستی دەریاوە بەرزە، داریان ئاودارترین گوندی شاری پاوەیە، كانیاو و سەرچەشمەی ئاوی سارد و سازگاری زۆرە، شوێنی پەروەردەكردنی ماسییە، دەیان حەوزی ماسی لەسەر چەمی داریان دروستكراوە كە داهاتێكی باشی هەیە بۆ ئاواییەكە، یەكێ تر لەشتە عەنتیكە و سەرنج ڕاكێشەكانی داریان درەختی ئەرخەوانە كە دیمەنێكی جوانی بەخشیوە بە گوندەكە بەتایبەت لە وەرزی بەهاردا، خەڵكی داریان سوود لە تووڵ و خەڵفی ناسكی ئەرخەوان وەردەگرن بۆ دروستكردنی  نانەشان و سەبەتە و زەمبیلە و بەرچینە و زۆرشتی جوانی لێ دروست دەكەن، سەبەتەیەكی تایبەت بە ڕاوەماسی لێ دروست دەكەن دەمی سەبەتەكە زۆر بچوكە لەچاو خۆیدا ئەیبەن لەچەم دای دەنێن هەویر و چەشە دەدەن لە دەمی سەبەتەكە و ناو سەبەتەكە ماسی دەڕوات بیخوات كەدەچێتە ناو سەبەتەكە ناتوانێ بێتەوە دەرەوە. بەنداوی داریانیش كە لەسەر ڕوباری سیروان دروستكراوە دیمەنێكی جوانی بەخشیوە بە گوندی داریان و هەجیج وە گەشتیارێكی زۆر ڕوی تێدەكەن، داریانییەكان وەك هەموو هەورامییەكانی تر كەسانێكی ئیشكەر و كۆڵنەدەرن لەناو ئەو بەرد و دار و شاخە سەختانەدا نان و بژێوی خۆیان دابین دەكەن، بەخێوكردنی بزن و مانگا و هێسر سەرچاوەیەكی تری بژێوی دانیشتوانەكەیەتی، هەروەها باخداری بەتایبەتی هەنار و گوێز و توو كاری سەرەكی زۆربەی خێزانەكانی داریانە، كارمەند موچەخۆری دەوڵەتیشیان زۆربوو، هەندێك لە گەنجەكانیشیان دەڕۆشتن بۆ كرێكاری لەشارەكانی ئێران، داریانییەكان میوان دۆست و غەریب نەواز و بەخشندە بوون، ئەوماڵانەی ڕێمان كەوتە ئەوێ بە هەموو جۆرێك خزمەتیان دەكردین لەگیای بەهارانەوە بۆ گوێز و هەنار هەرچییەكیان ببوایە، وەك كاسە هاوسێ بەشیان دەداین، ماڵیان ئاوابێت لەبیرمان ناچێت، ئێمە یەكەمجار بوو گۆشتی بزنە كێوی بخۆین كە كاك حەمە غەریبی شوكری كوشتبوی بەشی هێناین، هەر لەداریان بۆ یەكەمجار(چوزەبەنا و كاشمە و سورەبنە و گەبڵە و غوژە)مان خوارد كە لەو شاخانە دەیانهێنا. داریانییەكان مرۆڤی خوێندەوار و ڕۆشنبیریان زۆرە، مزگەوتیان هەمیشە پڕبووە لە فەقێ و مەلای باشیان هەبووە خزمەتی مامۆستا و فەقێكانیان دەكرد، مەخابن ئێستا بێ دەنگە وەك ئاشی ئاو كەوتوو، قوتابخانە و بنكەی تەندروستیان هەیە، لولەكەشی غازیان بۆكراوە. یەكێ لەشتە نامۆكانی داریان ئەوەبوو ئەو شاخەی زۆربەی ماڵەكانی داریان پاڵیان پێوەدابوو  بەڕاسەری ماڵەكانەوە بوو(كەژی گڵۆجی) زۆرجار هەرەسی دەكرد و گابەرد و تلی گەورە دەكەوتەخوارەوە، ئیتر هەرماڵێكی بەر بكەوتایە زیانی زۆری پێدەگەیاند ئەگەر تەواو وێرانی نەكردایە، یابەر هەركەس بكەوتایە دەیكوشت مەگەر خوا گیانی نەكێشایە، كە بەردەكان دەهاتنە خوار دانیشتوان وا فێر بووبوون هەمووی هاواری دەكرد بە شێوەزاری هەورامی كەژەكە هات كەژەكە هات، ئێمە تازە ڕۆشتبوینە داریان زۆر دەترساین، بەتایبەتی بۆ شەو خراببوو لە شیرین خەودا تۆ دابچڵەكێیت و ڕابكەیت ناخۆشە. بەرامبەری ماڵەكانیش كەژێكی بەرزبوو ناوی قەڵای گاوران بوو كەڵ و حەیوانە كێوی پێوە بوو.  داریان ئەو كاتە پیاو و ژنی بەتەمەنی زۆری تێدابوو، بەداخەوە زۆربەیان كۆچی دواییان كرد و ناوەكانیانم بیر ناكەوێتەوە، چەند گەڵابەی باری تیابوو، دووكابینەی زۆری تیابوو، چەند دوكانێكی تیابوو، مامە ئەنوەرێكی تیابوو زۆر پابەند بوو بە مزگەوت و نوێژ و ڕۆژووی سونەت و زیكرەكانەوە، زۆرجار لەمزگەوت میوانی غەریبی دەبردەوە بۆ ماڵ، كەم دەستیش بوو بەڵام دەرونی دەوڵەمەند بوو، ئەیوت مامۆستا مەڵا تایەر ئەم ئاواییە لەمن دەوڵەمەندتری تیانییە!!! منیش ئەم وت چۆن مامە ئەنوەر تۆ فەقیر دیاری؟ ئەیوت مامۆستا زۆربەی خەڵك پارەی بانكی وەرگرتووە سوو دەچێتە سەری من قەرزار نیم سوپاس بۆ خوا، مامە ئەنوەر كوڕ و كچێكی نەخۆشی خاوەن پێداویستی تایبەتی هەبوو گەورەش بوون(ڕەفیق و خۆرشید) زۆر خۆگربوو لەبەردەم باری خوادا، بەیانی مەلا بانگدان فەقێانی مزگەوتی هەڵدەسان بۆ نوێژ، مامۆستا ئەیفەرموو مامە ئەنوەر لێیان گەڕێ بابخەون شەو دەرسیان خوێندووە دوایی نوێژەكەیان دەكەن. بۆیەكەمجار لەداریانەوە سەردانی گوندی هەجیجمان كرد بەسەر پردەكەی بەنەندا، دەروێش محەمەدی مێردی مەتی شارێ و كاك حەمەسەعید و كاك محەمەدی مەلا عەبدوڵا و مامۆستا عوسمان محەمەد و بەندە مامۆستا تاهیر بامۆكی و كاك عەبدولكەریم ئەحمەد بامۆكی، سەرەتا لە گۆڕستانەكەوە دەستمان پێكرد و سڵاومان لێكردن و دۆعامان بۆكردن، ڕۆشتینە سەر گۆڕی كۆسەی هەجیج لەپاش فاتیحە و دۆعای خێر بۆخۆمان بۆ مردوەكان لەكاتی گەڕانەوەدا بینیم بەڕێزێك دەزماڵێكی داخستوە و خۆڵ و خاشاكی ناو مەرقەدەكەی تێ دەكات، وتم برا دروست نییە و گوناح بار دەبیت، دووجار پێم وت كەڵكی نەبوو، كاك محەمەد مەلا عەبدوڵا وتی برا ئەوە چی دەكەیت لایبە خراپە، نەتبیستوە دەڵێ خاكی گۆڕستان مەبەرۆ بۆ ماڵ ئەگەر پاشابیت دەبیت بە حەماڵ، باوەڕتان بێت وا دەزماڵەكەی هەڵتەكان هەردەنكێكی ڕووی كردە شوێنێك لەترسی حەماڵییەكە!!!
جارێك چەند كەسێك ڕۆشتین بۆ ئەو دیوی (وڕا) بۆ گیابڕین بۆ مانگاكانی ماڵی باوكم، چەم و ساراینێك بوو، پڕبوو لە مێشوەرد و گیا، خزمانی داریانی چوار پێنج كەس هاتبوون، خۆیشمان زۆربووین، كاك عەباسێكی خەڵكی گوندی وڕایش هەبووقسەخۆش و سۆعبەتچی بوو، كاتێك خەڵكی وڕا و داریان و هەجیج و ئەسپەرێز لە پاوەوە دەگەڕانەوە بە سواری ماشین كاك عەباس هاواری لێ دەكردن هۆ وەها و وەها لێهاتووەكان ئەوە بۆ نایەن یارمەتیمان بدەن دواتر ئەیوت ئەوە من مەڵا تایەری بامۆكیم. واتە قسەی پێ دەوتن و دەستی بەمندا دەسڕی. بەدڵنیایی نازانم چەند لەداریان ماینەوە، بەڵام لە 4-11-1987 یا 4-12-1987 ئێمە بارمان كرد بۆداریان هەتا زیاتر لە مانگێک پاش كیمیاباران كردنی شاری هەڵەبجە و ئاوارەبوونی ئەو خەڵكەی نەمردبوو بەكاریگەری دەرمانەكە هەندێكی كوێر بوو بوو هەندێكی پێستی سوتابوو، هەندێكیشی وەك شێتی لێهاتبوو، بەهاوكاری خزمانی داریان بەتایبەتی كاك حاجی فەتاح و خاڵۆ ئەسەدوڵا و مامۆستا عوسمان و من گەڕاین تا خزمان بدۆزینەوە، باوكم و باكۆی برام لە هەرسین بوون لە قوتابخانەیەكدا، دایكم و خالیدی برام لەكەنگاوەر بوون لەمزگەوتێكدا، مەعروفی مامە حەمەئەمینم لەناو حەوشەیەكدابوو، ئەوانەی لەویابوون هەموو هیلاك بوون، هێناماننەوە بۆ داریان، حەمەڕەوفی مامەم لە سەنغوری كولیایی بوو، مەگەر خوا بزانێ چەند گریاوین و چیمان بەسەر هات؟ دوایی وردە وردە هەموو باش بوون مەعروف نەبێت غازەكە پڕ لێی دابوولەگەڵ مامە خەمەئەمینم لەلای ماڵی كاك تۆفیقی كارەبادا، مامەم دەست بەجێ گیانی لەدەست دابوو تا ئێستاش جەنازەكەمان نەدۆزیوەتەوە، حەمەڕەوفیش كەمێك باش بوو، بەڵام مەعروف هەرچی دەرمان و چارەسەرمان بۆ بەكار دەهێنا فریای نەدەكەوتین، ماڵی باوكم باریان كرد بۆ سەریاس و مەیوان، من و هاوسەرم ماینەوە هەتا توانیمان خزمەتی مەعروفمان كرد، پاش ماوەیەك ئێمەش بارمان كرد بۆ پاوە، لەگەڵ مامۆستا ناصیح مەلا ساڵحی پورزام خوا لێی خۆش بێت لەسەردێ لەپاوە خانویەكمان گرت لە ماڵی خاڵۆ فەتحوڵای زۆمیدا، ئیتر بەمن و مامۆستا ناصیح و میدیا و سەروینەوە هەوڵمان ئەدا خزمەت و چارەسەری مەعروف بكەین مەخابن كۆچی دوایی كرد و لە گۆڕستای پاوە ناشتمان، لە نزیك گۆڕی دادە پیرۆزی محەمەدی حسەین ئامۆزازای باوكم و هاوسەری خاڵۆ عەبدوڕەحیم دەڵەمەڕی وگۆڕی حاجی محەمەدی تەوێڵەیی كە بە حاجییە خڕە مەشهوربوو. …. ڕوداوەكان زۆری دەوێت بینوسمەوە بەڵام بۆ ئەمجارەی یادی داریان ئەمە بەسە، لەكۆتاییدا بەناوی خۆم باوكم و براكانم و هەموو ئەو ماڵانەی لەداریان بوین سوپاسی خەڵكی بەڕێزی داریان دەكەم، خوا لە مردوەكانیان خۆش ببێت، نەخۆشەكان شیفا بدات و زیندوەكانیش عاقیبەت خێر بكات، هەموو سەرچەم و پەنابەرد و كانیاوێك و كەژ و كۆسارێكی داریان و مزگەوت و بنكەی تەندروستی و كوچە و كۆڵانەكانی و ڕێگەی داریان پاوە هەزار یادگاریمان هەیە. دەستی ئەوكەسانە ماچ دەكەم هاتن بەدەممانەوە و هاوكاریان كردین، خوا پاداشتی خێرتان بداتەوە و ماڵتان ئاوابێت.

نووسینی؛ مامۆستا مەلا تاهیر بامۆکی

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

77 − 67 =
Powered by MathCaptcha