سێرجیۆ ڕامۆس، ئەستێرەی بەرگریکاری ئیسپانی، بڕیاری خۆی داوە کە کۆتایی بە ئەزموونەکەی لەگەڵ یانەی مۆنتێری مەکسیکی بهێنێت و جارێکی تر بگەڕێتەوە بۆ کیشوەری ئەوروپا.
بەگوێرەی سەرچاوەکان، ڕامۆس نایەوێت گرێبەستەکەی لەگەڵ مۆنتێری نوێ بکاتەوە، کە وابڕیارە لە سەرەتای ساڵی داهاتوو کۆتایی پێبێت، ئەمەش ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ دڵخوازبوونی بەردەوامبوونی کاروانی وەرزشیی لە یانەیەکی گەورەی ئەوروپی.
ئامانج: جامی جیهانی و یانەیەکی گەورە
ڕۆژنامەی “ئاس”ی ئیسپانی ئاشکرای کردووە کە گەڕانەوەی ڕامۆس بۆ ئەوروپا ئامانجێکی گەورەتری لەپشتە. ئەو بەرگریکارە ئەزمووندارە هیواخوازە کە لەم چەند مانگەدا بتوانێت ئاستێکی بەرز پێشکەش بکات بۆ ئەوەی سەرنجی لویس دی لا فۆنتی، ڕاهێنەری هەڵبژاردەی ئیسپانیا، ڕابکێشێت و بەمەش بانگهێشت بکرێت بۆ یاریکردن لە جامی جیهانی داهاتوو.
فشار لەسەر ڕیاڵ مەدرید
لەم نێوەندەدا، بەشێکی زۆر لە هاندەرانی یانەی ڕیاڵ مەدرید داوایان لە کارگێڕیی یانەکەیان کردووە کە هەوڵی گەڕاندنەوەی ڕامۆس بدەن. هاندەران پێیانوایە کە ئەزموون و سەرکردایەتیی سێرجیۆ ڕامۆس، کە پێشتر کاپتنی مێرەنگی بووە، دەتوانێت یارمەتییەکی باشی یانەکە بدات بۆ تێپەڕاندنی “قۆناغە سەختەکە”ی ئێستایان.
ڕامۆس لەگەڵ یانە مەکسیکییەکە بەشداریی 30 یاریی کردووە و لەو ماوەیەدا توانیویەتی حەوت گۆڵ تۆماربکات.
ئیسماعیل عەلی ڕۆژنامەنوسی وەرزشی تایبەت بە شارەزوور پرێس