ئالانی عەفرین: یاریزانە کوردەکە بلیتە مێژووییەکەی بۆ بوندێسلیگا بڕی!

ئالان مەعمو، ئەستێرەیەکی نوێی تۆپی پێی کوردە، توانی سەرکردایەتیی یانەکەی بکات بۆ گەیشتن بە بەرزترین ئاستی تۆپی پێی لاوانی ئەڵمانیا. ئەم دەستکەوتە گرنگە، هیوا و ئومێدێکی گەورە بۆ وەرزشی کورد لە ئەوروپا دەخوڵقێنێت.

گەنجێک لە کۆلن، هیواکانی عەفرین

ئالان مەعمو، گەنجێکی تەمەن هەژدە (١٨) ساڵ، خەڵکی شاری جندرێسی عەفرینی ڕۆژئاوای کوردستانە. لە منداڵییەوە لەگەڵ خێزانەکەیدا لە شاری کۆلن نیشتەجێ بووە و بە خێرایی لە ڕیزەکانی یانەی فۆرتونا کۆلن هەڵکشاوە. ئەم یاریزانە، وەک سەرکردەی تیپی لاوانی یانەکەی، بووەتە هۆکاری سەرەکیی گەیشتنی یانەکەیان بە بوندێسلیگای لاوان بۆ وەرزی داهاتوو.

یاریی یەکلاکەرەوە و ئاهەنگی سەرکەوتن

شەوی چوارشەممە، ئالان و هاوڕێکانی لە یارییەکی چارەنووسسازدا توانییان بە لێهاتووییەکی زۆرەوە بە دوو (٢) گۆڵی بێبەرامبەر بەسەر یانەی ڤیشتالدا سەرکەون، بەمەش بە فەرمی گەیشتنە ڕکابەرییەکانی بوندێسلیگای خوار نۆزدە (١٩) ساڵان.

چاو لە ئەستێرە بەناوبانگەکان

ئالان مەعمو دووپاتی کردەوە کە سەرکەوتن بۆ بوندێسلیگا تەنیا سەرەتایەکە: “زۆر دڵخۆشین بەو ئاستە بەرزەی لەم وەرزەدا پێشکێشمانکرد و توانیمان بگەینە بوندێسلیگا، ئامانجی من ئەوەیە ماوەیەکی درێژ لە ئاستێکی بەرزدا یاری بکەم و لە داهاتوودا بگەمە ئاستی یاریزانە بەنێوبانگەکانی خولەکە.”

سەرکەوتنی ئەم یاریزانە کوردەی ڕۆژئاوای کوردستان هاوکاتە لەگەڵ درەوشانەوەی دێنیز ئونداڤ، یاریزانە کوردییە خەڵکی ڕوهای باکووری کوردستان، کە لە ئێستادا لە ئاستی پێشکەوتوواندا لەگەڵ یانەی شتوتگارت لە بوندێسلیگای گەورەکاندا یاری دەکات و بووەتە جێگەی سەرنجی زۆری هاندەران.

هیوایەکی گەورە هەیە کە لە ساڵانی داهاتوودا، ژمارەیەکی دیکەی یاریزانی کورد، وەک ئالان مەعمو، بتوانن شانبەشانی ئونداڤ لە گەورەترین خولەکانی جیهاندا بەشداری بکەن و بەهرەی کورد بۆ جیهان نمایش بکەن.

ئیسماعیل عەلی ڕۆژنامە نوسی وەرزشی تایبەت بە شارەزوور پرێس

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

24 − = 17
Powered by MathCaptcha