نەورۆز ڕیزەکانی دەهەژێنێت: گاتوچ پانۆم دەگەڕێتەوە و مەروان حوسێن لەبەردەم دەرگای دەرەوەدایە!

یانەی نەورۆز دەستێکی چالاکانەی لە مێرکاتۆی زستانەدا دەستپێکردووە و بە مەبەستی بەهێزکردنی پێکهاتەکەی، گۆڕانکاریی گەورە لە ڕیزەکانی ئەنجام دەدات. لەم پێناوەدا، کارگێڕیی یانەکە متمانەی تەواوی بە وەلی کەریمی ڕاهێنەری یانەکە بەخشیوە بۆ دەستبەرداربوون و گواستنەوەی یاریزانان بە پێی پێویستییەکانی تیپ.

پانۆم بە فەرمی گەڕایەوە
کارگێڕیی یانەی نەورۆز بە سەرکەوتوویی گەیشتوونەتە ڕێککەوتنی کۆتایی لەگەڵ یاریزانی نێودەوڵەتی ئەسیوبی، گاتوچ پانۆم. بڕیارە پانۆم جارێکی دیکە درێسی نەورۆز بپۆشێتەوە و لە قۆناغی دووەمی خولدا هێزی زیاتر بدات بە ناوەڕاستی یانەکە.

دوو یاریزان ماڵئاوایی دەکەن
لە بەرامبەردا، دەستەی هونەریی یانەی نەورۆز بڕیاری کۆتایی داوە کە لە مێرکاتۆی ئەم زستانەدا دەستبەرداری هەردوو یاریزان بێت:

  • کاردۆ سدیق
  • هێرشبەر فلیپ ماڵباسیچ

چارەنووسی هێڵی هێرشبەر بەندە بە یەک مەرجەوە!
یەکێک لە هەستیارترین دۆسیەکانی ئێستای یانەکە، تایبەتە بە هێڵی هێرشبەر و یاریزان مەروان حوسێن. چارەنووسی مەروان بەستراوەتەوە بە گەڕانەوەی هێرشبەرێکی پێشووی یانەکە.

بەپێی زانیارییەکان، یانەی نەورۆز دەستی کردووەتەوە بە گفتوگۆ لەگەڵ هێرشبەری پێشووی خۆی، ئیبراهیم تومیوا. ئەگەری گەڕانەوەی تومیوا بۆ نەورۆز، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی دەستبەرداربوونی یانەکە لە مەروان حوسێن.

سەرەڕای ئەوەی یانەکە زۆر سوورە لەسەر گەڕاندنەوەی ئیبراهیم تومیوا، بەڵام کارەکە ئاسان نابێت و گفتوگۆکان کاتی دەوێت بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی، ئەمەش داهاتووی هێڵی پێشەوەی نەورۆزی خستووەتە ژێر چاودێریی توندەوە.

ئیسماعیل عەلی ڕۆژنامە نوسی وەرزشی تایبەت بە شارەزوور پرێس

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

4 + 3 =
Powered by MathCaptcha