بەڕێوەبەری کارەکانی ئاکام هاشم، ئەستێرەی ئێستای یانەی زەورا و بەرگریکاری هەڵبژاردەی عێراق، دووپاتی دەکاتەوە کە گرێبەستی فەرمی بۆ یاریزانەکە پێشکەش نەکراوە و تا کۆتایی ئەم وەرزە لەگەڵ یانەکەی بەردەوام دەبێت، بەڵام هاوکات ناوی دەچێتە پاڵ یانەکانی ئەورووپا و کەنداوەوە.
دوای نمایشکردنی ئاستێکی نایاب لە یارییەکانی جامی عەرەب، ئاکام هاشم، ئەستێرە کوردە تەمەن 27 ساڵەکەی هەولێر، بووەتە جێگەی سەرنجی زۆربەی میدیای وەرزشی عێراق و وڵاتانی عەرەبی. ئاکام، کە لە ماڵباتێکی سادەوە ژیانی وەرزشی دەستپێکردووە و لەلایەن سەمیر بابۆ دۆزراوەتەوە، لە تیپی میللی زەریاوە گەیشتووەتە یانەکانی پێشمەرگەی هەولێر، هەولێر، شورتە (کە نازناوی خولی عێراقی لەگەڵ بەدەستهێنا)، و ئێستا یاریزانی یانەی زەورایە.
مانشێتەکانی دوای دێربی عەرەب
ئاستی بەرزی ئاکام هاشم بەتایبەتی لە یاریی هەڵبژاردەی عێراق بەرامبەر ئوردن لە جامی عەرەب تەقینەوەیەکی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا. لەو یارییەدا، ئاکام وەک بەرگریکارێکی چاونەترس دەرکەوت و لەلایەن هەندێک میدیاوە بە ماڵدینی، رامۆس و پویۆل ناوبرا.
لە ڕووی ئاماریشەوە، ئاکام هاشم ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمار کرد؛ توانی 16 تۆپ گەڕاندنەوەی هەبێت، کە زۆرترین ژمارەیە لەو وەشانەی جامی عەرەب کە هیچ بەرگریکارێک ئەو ڕێژەیەی تۆمار نەکردووە.
داهاتووی لە نێوان ئەورووپا و کەنداو
سەبارەت بە داهاتووی ئاکام، سامان مەجید، بەڕێوەبەری کارەکانی ڕاگەیاند: “ئەو قسە و باسانەی کە دەکرێن لەبارەی داهاتووی ئاکام هاشم، جارێ تەنیا هەواڵن و هیچ نووسراو یان داواکاریی فەرمیان پێشکێش نەکردووین. جارێ گرێبەستی لەگەڵ یانەی زەورا ماوە و دەبێت وەرزی ئەمساڵ لەگەڵیان بەردەوام بێت.”
لەگەڵ ئەوەشدا، ئۆفەری نێودەوڵەتی ڕووی لەو یاریزانە کوردە کردووە:
دۆزەرەوەیەکی یاریزانان (مەغریبی) پێشنیازی کردووە بۆ یانەی ریال بێتیسی ئیسپانی.
چەند یانەیەکی دیکەی وڵاتانی کەنداویش لەسەر هێڵن بۆ ئەو یاریزانە.
هاوکات، هاوار مەلا محەممەد، ئەستێرەی پێشووی عێراق، سەرسامی خۆی بۆ ئاستی ئاکام دەربڕی و ڕوونیکردەوە: “پێموایە ئاگاداری تەندروستی و ژیانی خۆی بێت و خۆی زیاتر ماندوو بکات دەگاتە لووتکە، وەک خۆم هەرچی بوێت پاڵپشتی دەکەم و دڵنیام داهاتووی ڕووناکە.”
🎯 تاقیکردنەوەی داهاتوو: ڕاگرتنی ڕۆناڵدۆ
بڕیارە لە 24ـی ئەم مانگە یانەی زەورا لە چامپیۆنزلیگی ئاسیا ڕووبەڕووی یانەی نەسڕی سعودی ببێتەوە، کە بەو واتایە دێت ئاکام هاشم ڕاستەوخۆ بەرەنگاری کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ دەبێتەوە. ئەو کوڕە هەولێرییە دەخوازێت لەو یارییەدا بە ئاستێکی بەهێزەوە دەرکەوێت و قەڵغان بێت بۆ تۆپە مەترسیدارەکانی “پاشای جیهان”.
ئیسماعیل عەلی ڕۆژنامە نوسی وەرزشی تایبەت بە شارەزوور پرێس