براوەکانی خەڵاتی ‘زە بێست’ دیاریکران؛ دێمبڵێ باشترین یاریزانی جیهان و زاخۆش مێژووی نووسییەوە

خەڵاتەکانی زە بێست (The Best)ی فیفا دابەشکران و وەرزی ڕابردوو وێستگەیەکی گەورەی بۆ پاریس سان جێرمان تۆمارکرد، لە کاتێکدا یانەی زاخۆی کوردستانیش لەسەر ئاستی جیهانی ناوبانگی دەرکرد و خەڵاتێکی گرنگی بەدەستهێنا. مەراسیمی دابەشکردنی خەڵاتەکان ڕۆژی سێشەممە لە شاری دەوحەی پایتەختی قەتەر بەڕێوەچوو و تێیدا باشترینەکانی وەرزی ڕابردوو لە بوارە جیاجیاکاندا خەڵاتکران.

لەسەر ئاستی پیاوان، یانەی پاریس سان جێرمان پشکی شێری بەرکەوت. لویس ئینریکی، ڕاهێنەری یانە فەرەنسییەکە، دوای بردنەوەی نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا (چامپیۆنز لیگ) لەگەڵ یانەکەی، وەک باشترین ڕاهێنەری جیهان دەستنیشان کرا.

هاوکات، پاش تێکۆشانێکی گەورە لە نێوان پاڵێوراوەکاندا، عوسمان دێمبڵێی ئەستێرەی پاریس سان جێرمان بە باشترین یاریزانی پیاوانی جیهان بۆ ساڵەکە هەڵبژێردرا. لە پۆستی گۆڵپارێزیدا، جانلوێجی دۆنارۆما، گۆڵپارێزی ئێستای مانچستەر سیتی و پێشووی پاریس، خەڵاتی باشترین گۆڵپارێزی جیهانی پێبەخشرا.

خەڵاتی پۆشکاش کە بۆ جوانترین گۆڵی ساڵ دابین کراوە، بە سانتیاگۆ مۆنتێلی یاریزانی یانەی ئیندیپێندێنتی ئەرجەنتینی بەخشرا.

لەسەر ئاستی خانمان، ئیسپانیا و ئینگلتەرا لە پێشەوە بوون. ئایتانا بۆنماتی، ئەستێرەی ئیسپانی و یاریزانی یانەی بەرشەلۆنە، وەک باشترین یاریزانی خانمانی جیهان هەڵبژێردرا. هەروەها، سارینا ویگمان، ڕاهێنەری هەڵبژاردەی ئینگلتەرا، خەڵاتی باشترین ڕاهێنەری خانمانی بردەوە، لە کاتێکدا هانا هامپتۆنی ئینگلیزی و گۆڵپارێزی یانەی چێڵسی، بووە باشترین خانمە گۆڵپارێزی جیهان.

خەڵاتی باشترین هاندەران: زاخۆ مێژووی تۆمارکرد

یەکێک لە گرنگترین ساتەکانی مەراسیمەکە، بەخشینی خەڵاتی باشترین هاندەرانی ساڵ (FIFA Fan Award) بوو بە یانەی زاخۆ، یانە کوردستانییەکەی بەشدار لە خولی عێراقی.

بەپێی ڕاگەیاندنی فیفا، هۆکاری پێدانی ئەم خەڵاتە گەورەیە بە هاندەرانی زاخۆ بۆ کردارە مرۆییەکەیان دەگەڕێتەوە، کە لە یاریی یانەکەیان بەرامبەر بە حدود، هەزاران بوکەڵەیان فڕێدایە ناو یاریگا وەک پاڵپشتییەک و نیشانەی هاوسۆزی بۆ ئەو منداڵانەی تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بوون. ئەم هەنگاوە دڵی دەیان هەزار کەسی لە جیهاندا جوڵاند و بە شایستەی ئەم خەڵاتە نێودەوڵەتییە دانرا.

ئیسماعیل عەلی ڕۆژنامە نوسی وەرزشی تایبەت بە شارەزوور پرێس

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

− 6 = 3
Powered by MathCaptcha