داهاتووی برۆنۆ لە تەمومژدایە؛ کاپتنەکەی یونایتد لە نێوان توڕەیی و ئۆفەرە خەیاڵییەکاندایە

پاش تێپەڕبوونی چەندین وەرز لە هەوراز و نشێوی بەردەوام، داهاتووی برۆنۆ فێرناندێزی پورتوگالی و ئەستێرەی یەکەمی یانەی مانچستەر یونایتد گەیشتووەتە قۆناغێکی نادیار. لێدوانە توندەکانی ئەم دواییەی یاریزانەکە لە دوای یارییەکەی بۆرنمۆس، بووەتە جێگەی باس و خواسی میدیا جیهانییەکان و ئاماژەیەکی ڕوونن بۆ ئەوەی کە پەیوەندی نێوان ئەو و یانەکەی بەرەو پچڕان دەچێت.

لێدوانە ئاگرینەکان؛ برۆنۆ پەنجەی تۆمەت بۆ کێ درێژ دەکات؟

برۆنۆ فێرناندێز لە لێدوانێکی کتوپڕدا، بێدەنگی شکاند و ڕەخنەی توندی ئاڕاستەی کارگێڕی یانەی مانچستەر یونایتد کرد. ئەو ڕایگەیاند کە ڕاهێنەری تیپەکە تاوانباری یەکەمی ئەم دۆخە خراپە نییە، بەڵکوو کێشەکە لە لووتکەی هەرەمی یانەکەدایە. بە وتەی برۆنۆ، بەڕێوبەرانی یانەکە وەک پێویست گرنگی بە ئەنجامەکان نادەن و تەنانەت بۆیان گرنگ نییە ئەگەر هەموو ئەستێرەکان پێکەوە ڕیزەکانی شەیتانە سوورەکان جێبهێڵن.

خوێندنەوەی میدیاکان؛ ئایا کاتی ماڵاوایی هاتووە؟

ڕۆژنامەی “زەسەن”ی بەریتانی لە ڕاپۆرتێکیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم جۆرە لێدوانانە لە کاپتنی تیپەکەوە تەنها توڕەییەکی کاتی نییە، بەڵکو نیشانەی بێهیواییەکی قووڵە لە پڕۆژەی وەرزشی یانەکە. ڕۆژنامەکە جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەم دۆخە دەرگای ئەگەری ڕۆیشتنی برۆنۆ لە هاوینی داهاتوودا بە تەواوی واڵا کردووە، چونکە یاریزانەکە چیتر ناتوانێت لە ژینگەیەکدا بمێنێتەوە کە ئامانجی ڕکابەری لەسەر نازناوەکانی تێدا نییە.

چاودێرییەکی چڕ لە ئەڵمانیا و سعوودیەوە

ئەم پەرەسەندنانە سەرنجی زلهێزەکانی ئەوروپا و ناوچەکەی ڕاکێشاوە. یانەی بایەرن میونشنی ئەلمانیا، کە دەیەوێت شۆڕشێک لە پێکهاتەکەیدا بکات، بە وردی چاودێری دۆخەکە دەکات و برۆنۆ وەک بژاردەیەکی سەرەکی بۆ بەهێزکردنی هێڵی ناوەڕاست دەبینێت.

هاوکات، سندوقی وەبەرهێنانی سعوودییش هاتووەتە سەر هێڵ. سەرچاوە هەواڵییەکان باس لەوە دەکەن کە سعودییەکان ئامادەن ئۆفەرێکی “خەیاڵی” و بێ وێنە پێشکەش بەم یاریزانە بکەن بۆ ئەوەی پەلکێشی خولی نیشتمانیی وڵاتەکەیانی بکەن. داهاتووی برۆنۆ ئێستا لە نێوان بڕیاری مانەوە لە ژێر فشاری کارگێڕی، یان دەستپێکردنی ئەزموونێکی نوێ لە میونشن یان ڕیازدا ماوەتەوە.

ئیسماعیل عەلی ڕۆژنامە نوسی وەرزشی تایبەت بە شارەزوور پرێس

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

43 − = 35
Powered by MathCaptcha