ئاڵای کوردستان گەیشتە یاریگاکانی ئیسپانیا؛ کەمپەینێکی جیهانی بۆ گەشتوگوزاری هەرێم دەستپێدەکات

لە هەنگاوێکی دیپلۆماسی و گەشتیاریی نوێدا، هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی یاریگاکانی تۆپی پێی ئیسپانیاوە پەیامی “سەردانی کوردستان” دەگەیەنێتە ملیۆنان بینەر لە سەرانسەری جیهان. ئەم پڕۆژەیە کە بەرهەمی هەوڵێکی دوو ساڵەی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانە لە ئیسپانیا، ئامانجیەتی کەرتی گەشتیاریی هەرێم لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ببوژێنێتەوە.

یەکەم دەرکەوتن لە یاریی بەرشەلۆنەدا

سەرەتای ئەم پڕۆژە ستراتیژییە لە یاری شەوی ڕابردووی نێوان هەردوو یانەی “گوادالاخارا” و “بەرشەلۆنە” لە چوارچێوەی یارییەکانی جامی شای ئیسپانیا دەستی پێکرد. لە میانی بەڕێوەچوونی یارییەکەدا، ئاڵای کوردستان و لۆگۆی پڕۆژەی (Visit Kurdistan) لەسەر شاشە دیجیتاڵییەکانی تەنیشت یاریگا (LED Boards) نمایش کران، ئەمەش سەرنجی هەزاران ئامادەبووی ناو یاریگا و ملیۆنان بینەری پشت شاشەکانی تەلەفزیۆنی ڕاکێشا.

بەرهەمی دوو ساڵ کاری دیپلۆماسی دەرەوان حاجی حەمید، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا، ڕایگەیاند کە ئەم دەستکەوتە لەخۆڕا نەهاتووە، بەڵکو دەرئەنجامی دوو ساڵ لە دانوستان و پەرەپێدانی پەیوەندییەکان بووە لەگەڵ دامودەزگا وەرزشی و حکومییەکانی ئیسپانیا. ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە نوێنەرایەتییەکەیان کار دەکات بۆ ئەوەی ئەم چالاکییانە بکاتە هەوڵێکی بەردەوام بۆ ناساندنی تواناکانی کوردستان لە گۆڕەپانە نێودەوڵەتییەکاندا.

ئامانجە ستراتیژییەکان و ڕاکێشانی گەشتیار بە وتەی نوێنەری حکومەت

دەرکەوتنی دروشمە گەشتیارییەکانی هەرێم لە یاریگا گەورەکانی ئیسپانیا تەنها ڕیکلامێکی سادە نییە، بەڵکو هەنگاوێکە بۆ ڕاکێشانی دەیان هەزار گەشتیاری ئیسپانی و بیانی بۆ ناوچە جیاوازەکانی کوردستان. حەمید جەختی لەوەش کردەوە کە ئەمە تەنها سەرەتایە و پڕۆژەکە لە یارییە گەورەکانی داهاتووی یانە ناودارەکانی ئیسپانیاشدا بەردەوامی دەبێت، بەمەش ناوی کوردستان وەک ناوچەیەکی گەشتیاریی گرنگ لە مێشکی بینەرانی وەرزشی لە جیهاندا جێگیر دەبێت.

پڕۆژەی “سەردانی کوردستان بکە” یەکێکە لە کارە لە پێشینەکانی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە مەدرید، کە دەیەوێت لە ڕێگەی “دیپلۆماسییەتی وەرزشی” و کلتورییەوە، سیمایەکی گەش و مۆدێرن لە هەرێمی کوردستان بە جیهان نیشان بدات.

ئیسماعیل عەلی ڕۆژنامە نوسی وەرزشی تایبەت بە شارەزوور پرێس.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

39 − = 34
Powered by MathCaptcha