کتێبی ساختە..

دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی [ئەلکا]ی عێراقی، دەزگایەکی چاپ
و بڵاوکردنەوەی کتێبە. نووسەری گەورەی عێراقی (عەلی بەدر) یەکێکە لە دامەزرێنەران و بەڕێوەبەرانی دەزگاکە. لەم چەند ڕۆژەی دوواییدا ئاشکرابوو ئەم دەزگایە دەیان کتێبیان بەناوی نووسەری وەهمی و وەرگێڕی وەهمییەوە بڵاوکردۆتەوە. واتە لەڕێگەی چات جی پی تی و زیرەکی دەستکردەوە زانیاریان لەسەر بابەتێک کۆکردۆتەوە و خستوویانەتە دوتوێی کتێبێک، ناوی نووسەرێکیان داناوە و ناوی وەرگێڕێکیشیان خستۆتە سەر بەرگەکەی و بڵاویان کردۆتەوە و ڕەواجێکی زۆریشیان بۆ کتێبەکان پەیدا کردووە.
بەڵام ڕۆشنبیرێکی عێراقی بەدواداچوونی بۆ کتێبەکان کرد و دواتر ئاشکرا بوو ئەو نووسەرانەی دەزگای ئەلکا کتێبەکانی بۆ چاپکردوون، وەرگێڕەکانیش، هەموو ناوی وەهمین و لە ڕاستیدابوونیان نییە!
خۆ ئەگەر خوێندەوارێکی دڵسۆزی کورد، بێت و بەدواداچوون بۆ ئەو کتێبانە بکات کە ڕۆژانە دەخرێنە بازاڕی کتێب، دەبێت چەند دانەیان بەڕاستی کتێب بن و نووسەرەکانیان ڕاستەقینە بێت؟
ئەم هەموو کتێبەی بواری گەشەپێدانی مرۆیی، دەروونناسی بازاڕی، بازارکردن، کتێبە ڕەنگاوڕەنگەکانی تایبەت بە لاوان، کتێبی ئامۆژیارانی ئایینی و تەنانە لێکۆڵینەوەی ئەدەبیش…
بەڕاستی جێگەی خۆیەتی ئیتر بەگومانەوە لەو تەوژمە بڕوانین کە لەم ساڵانەی دووایدا دووچاری کتێبخانەی کوردی بووە،
بەجۆرێک ڕۆژانە و هەفتانە و مانگانە، دەیان ناونیشانی نامۆ بە کوالێتییەکی زۆر بەرز چاپدەکرێن و کەسیش نییە گومانێکی لا درووست ببێت.
زۆر بەتایبەتی ئەو کتێبە بازاڕییانەی لەژێر ناوی گەشەپێدانی مرۆییدا چاپدەکرێن، و خەریکە جێگە بە فەلسەفە و دەروونناسی لەق دەکەن.

نوسینی؛ زرار حەمید

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

− 1 = 1
Powered by MathCaptcha