زنجیرە فیلمی بەناوبانگی جیهانی “Fast & Furious” جارێکی دیکە دەبێتەوە جێگەی باس، بەڵام ئەمجارە نەک تەنها بۆ سینەما دۆستان، بەڵکو بۆ هاندەرانی تۆپی پێش؛ دوای ئەوەی دەنگۆی بەشداریکردنی ئەستێرەی پورتوگالی، کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ، لە بەش نوێیەکانی ئەم فیلمەدا بڵاوبووەوە.
ڤین دیزل، ئەکتەری سەرەکی و یەکێک لە بەرهەمهێنەرانی زنجیرە فیلمی “فاست ئەند فیوریۆس”، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام وێنەیەکی نوێی خۆی و کریستیانۆ ڕۆناڵدۆی بڵاوکردەوە. ئەم وێنەیە تەنها وەک دەربڕینی هاوڕێیەتی نەمایەوە، بەڵکو دیزل لە ژێرنووسەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد کە زۆرێک لە هەواداران پرسیاری ئەوەیان لێکردووە ئایا ڕۆناڵدۆ دەبێتە بەشێک لەم جیهانە پڕ لە خێراییە یان نا.
ئەم ئەکتەرەی هۆلیوود بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بانگەشەی ئەوەی کرد کە حەز دەکات هەواڵێکی خۆش بە هاندەران بدات و جەختی لەوە کردەوە کە ڕۆناڵدۆ کەسایەتییەکی “تایبەتە”. دیزل ئاشکرای کرد کە تیمەکەیان ڕۆڵێکی تایبەتیان بۆ ئەم یاریزانە جیهانییە نووسیوە، هەرچەندە تاوەکو ئێستا وردەکاری زیاتری دەربارەی جۆری کارەکتەرەکە و کاریگەری لەسەر چیرۆکەکە ئاشکرا نەکردووە.
لە بەرامبەردا، کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ کە ئێستا لە خولی سعوودی یاری دەکات، تاوەکو ئەم ساتە بێدەنگی هەڵبژاردووە و هیچ لێدوانێکی فەرمی بۆ پشتڕاستکردنەوە یان ڕەتکردنەوەی ئەم هەواڵە نەداوە. ئەم بێدەنگییەش بووەتە هۆی ئەوەی تینوێتی هاندەران بۆ بینینی “دۆن” لەسەر پەردەی سینەما زیاتر بێت.
شایەنی باسە زنجیرە فیلمی “Fast & Furious” کە لە ساڵی ٢٠٠١ـەوە دەستی پێکردووە، تا ئێستا ١٠ بەشی لێ بەرهەم هێنراوە. دوایین فیلم کە ساڵی ٢٠٢٣ نمایشکرا “Fast X” بوو، بڕیاریشە بەشی نوێی ئەم زنجیرەیە بە ناوی “Fast X: Part Two” لە ساڵی ٢٠٢٧ بکەوێتە سەر پەردەی سینەماکان، کە چاوەڕوان دەکرێت ببێتە یەکێک لە پڕبینەرترین فیلمەکان ئەگەر بێت و ڕۆناڵدۆ تێیدا دەرکەوێت.

ئیسماعیل عەلی ڕۆژنامە نوسی وەرزشی تایبەت بە شارەزوور پرێس