پیپ گواردیۆلا، ڕاهێنەری یانەی مانچستەر سیتی، هۆشدارییەکی توندی دایە یاریزانەکانی سەبارەت بە پاراستنی کێشی جەستەیان لە کاتی پشووەکانی سەری ساڵدا. ڕاهێنەرە ئیسپانییەکە ڕایگەیاندووە کە هەر یاریزانێک کێشی جەستەی زیاد بکات، بۆ یاریی داهاتووی خولی نایابی ئینگلیزی بەرامبەر نۆتینگهام فۆرێست دوور دەخرێتەوە.
چاودێری ورد بۆ کێشی یاریزانان
بەپێی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز، گواردیۆلا کە بە توندییەکەی لە پەیڕەوکردنی سیستەمی خۆراکی ناسراوە، ئاشکرای کردووە کە کێشی هەموو یاریزانەکان دیاریکراوە. بڕیار وایە یاریزانان ڕۆژی پێنجشەممەی داهاتوو لە پشوو بگەڕێنەوە و ڕاهێنەرەکەش ڕاستەوخۆ سەرپەرشتی پشکنینی کێشیان دەکات بۆ ئەوەی بزانێت کێ پابەند بووە.
گواردیۆلا لەم بارەیەوە وتی: “دەمانەوێت ببینین چۆن دەگەڕێنەوە. دەتوانن خواردن بخۆن، بەڵام دەبێت کۆنتڕۆڵیان هەبێت. ئەگەر یاریزانێک بە سێ کیلۆگرام کێشی زیادەوە بگەڕێتەوە، لە مانچستەر دەمێنێتەوە و گەشت ناکات بۆ نۆتینگهام.”
هاوسەنگی نێوان پشوو
ئەم هەڵوێستەی پیپ دوای ئەوە دێت کە پێشتر لە ساڵی ٢٠٢٢ ڕەخنەی توندی لە کالفین فیلیپس گرت بەهۆی کێش زیادییەوە دوای گەڕانەوەی لە مۆندیال. سەرەڕای ئەم توندییە، گواردیۆلا جەخت لە گرنگی پشووش دەکاتەوە و ئاماژەی بەوە کرد کە خشتەی یارییەکان زۆر قەرەباڵغە و پێویستە یاریزانان کاتەکانیان لەگەڵ خێزانەکانیان بەسەر ببەن بۆ ئەوەی لە ڕووی دەروونییەوە ئاسوودە بن و بە چالاکییەوە بگەڕێنەوە.
دۆخی مانچستەر سیتی لە خولدا
یانەی مانچستەر سیتی دوای بردنەوەی دوایین یاری بەرامبەر وێستهام یونایتد بە ئەنجامی سێ گۆڵی بێ بەرامبەر، لە ئێستادا لە پلەی دووەمی ڕیزبەندی پرێمەرلیگ دێت. یانەکە دوای تێپەڕبوونی ١٧ گەڕ، تەنها دوو خاڵ لە دوای ئارسیناڵی پێشەنگەوەیە، بۆیە پاراستنی ئامادەیی جەستەیی یاریزانەکان بۆ گواردیۆلا لەم قۆناغەدا بایەخێکی چارەنووسسازی هەیە.
ئیسماعیل عەلی ڕۆژنامە نوسی وەرزشی تایبەت بە شارەزوور پرێس