بارسێلۆنای فلیک لە لوتکەیە؛ ژمارەکانی ئەم وەرزەی بارسا زۆر باشترە لە وەرزی پێشوو.

جیاوازییە بەرچاوەکانی ئاست و ئەنجامەکانی یانەی بارسێلۆنا لە نێوان ئەم وەرزە و وەرزی ڕابردوودا. ئامارەکان دەریدەخەن کە یانە کەتەلۆنییەکە لەژێر سەرپەرشتی هانزی فلیک گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی بەسەردا هاتووە و لە زۆرینەی ڕووەکانەوە گەشەی سەرسوڕهێنەری بەخۆوە بینیوە.

هەڵکشانی خاڵەکان و جێگیری لە ئەنجامدا وەرزی ڕابردوو لەم قۆناغەدا، بارسێلۆنا بارودۆخێکی ناجێگیری هەبوو و تەنها 38 خاڵی کۆکردبووەوە، تەنانەت لە ماوەی شەش یاریی یەک لە دوای یەکدا تەنها یەک سەرکەوتنی بەدەستهێنابوو. بەڵام لەم وەرزەدا وێنەکە بە تەواوی گۆڕاوە؛ شکستەکانی یانەکە بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە و تەنها بەرامبەر یانەکانی سێڤییا و ڕیاڵ مەدرید دووچاری دۆڕان بووە. ئەم سەقامگیرییە وایکردووە بارسێلۆنا بە 46 خاڵ پێشەنگی لالیگا بگرێت و بە جیاوازی چوار خاڵ لە ڕیاڵ مەدریدی ڕکابەری دوور بکەوێتەوە.

شۆڕشی هێرشبەری و ژمارە پێوانەییەکان خاڵی هەرە گەشی ئەم وەرزەی بارسێلۆنا، تەقینەوەی هێڵی هێرشبەرییەتی. هێرشبەرەکانی بارسێلۆنا تاوەکو ئێستا 51 گۆڵیان تۆمارکردووە، بەمەش توانیویانە کۆی ژمارەی گۆڵەکانی تەواوی وەرزی ڕابردووی خۆیان تێپەڕێنن. هاوکات، کۆی گشتی گۆڵەکانی یانەکە لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا گەیشتووەتە 102 گۆڵ، کە ئەمەش بەرزترین ڕێژەی گۆڵە لە لالیگا و پێش سەرجەم ڕکابەرەکانی تری کەوتووە.

مێژوویەکی نوێ بەبێ مێسی گەیشتن بە لوتکەی 100 گۆڵ لە ساڵێکدا بەبێ بوونی ئەفسانەی یانەکە لیۆنێل مێسی، وەک دەستکەوتێکی مێژوویی گەورە بۆ بارسا ئەژمار دەکرێت. ئەم جۆرە ئامارە لە مێژووی دوور و درێژی یانەکەدا پێشتر تەنها یەکجار لە ساڵی 1999دا تۆمار کراوە، کە ئەمەش دەریدەخات بارسێلۆنا لە ڕووی بەرهەمهێنانی گۆڵەوە چوووەتە قۆناغێکی زێڕینەوە.

تێپەڕاندنی قەیرانەکان بلوگرانا نیشانی دا کە توانایەکی بەرزی هەیە بۆ گەڕانەوە؛ دوای ئەو شکستە سەختەی لە چامپیۆنزلیگ بەرامبەر چێڵسی بە سێ گۆڵی بێوەڵام تووشی بوو، تیپەکە خێرا خۆی ڕێکخستەوە. بارسا بە زنجیرەیەک سەرکەوتنی یەک لە دوای یەک تاڵاوی ئەو شکستەی لە بیر هاندەرانی بردەوە، بە جۆرێک لە کۆی هەشت یاری ڕابردووی، خاوەنی حەوت سەرکەوتن و تەنها یەک یەکسانبوونە لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا.

بەم شێوەیە، بارسێلۆنا لەژێر سەرپەرشتی هانزی فلیک لە گەشەی بەردەوامدایە و تاکو دێت ئاست و ژمارەکانی یانەکە لە هەڵکشانی زیاتردایە، کە ئەمەش هاندەرانی یانەکە هیوادار دەکات ئەم وەرزە بە دەستکەوتی گەورە کۆتایی پێ بهێنن.

ئیسماعیل عەلی ڕۆژنامە نوسی وەرزشی تایبەت بە شارەزوور پرێس

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

88 − = 80