یارییەکانی گەڕی نۆیەمی خولی نایابی کوردستان کۆتایی هات و ئەنجامی چاوەڕواننەکراوی بەدوای خۆیدا هێنا. ئەم گەڕە کە بە “گەڕی کۆکردنەوەی دواین خاڵەکانی ساڵ” ناوزەند دەکرا، گۆڕانکاری گرنگی لە پلەبەندی یانەکاندا دروست کرد و ململانێی لوتکە و ناوچەی دابەزینی گەرمتر کرد.
باڵادەستی هەندرێن لە لوتکەی ڕیزبەندی
یانەی هەندرێن بەردەوامە لە ئەنجامە درەوشاوەکانی و توانی سەرکەوتنێکی گرنگ لە دەرەوەی یاریگای خۆی بەرامبەر یانەی پیشەسازی تۆمار بکات. یارییەکە کە پڕ بوو لە کێبڕکێ، بە تەنها گۆڵێکی بێ وەڵام لە بەرژەوەندی هەندرێن کۆتایی هات. بەم ئەنجامە هەندرێن بە ١٩ خاڵ پێگەی خۆی لە پلەی یەکەمی خولەکەدا جێگیرتر کرد، لە بەرامبەردا برینەکانی پیشەسازی قووڵتر بوونەوە و بە ٨ خاڵ لە پلەی ١١یەم و لە ناوچەی مەترسی دابەزیندا مایەوە.
سیروانی نوێ بەرەو پلەی دووەم هەڵکشا
لە یەکێک لە یارییە هەرە پڕ گۆڵ و سەرنجڕاکێشەکاندا، یانەی سیروانی نوێ ڕووبەڕووی یانەی ڕزگاری بووەوە. سیروانی نوێ توانی بە ئەنجامی (٣-٢) سەرکەوتن بەدەستبهێنێت و سێ خاڵی گرنگ بباتەوە. ئەم بردنەوەیە وایکرد سیروانی نوێ کۆی خاڵەکانی بگەیەنێتە ١٤ خاڵ و سەرکەوێت بۆ پلەی دووەمی ڕیزبەندی، لە کاتێکدا یانەی ڕزگاری بە ١٢ خاڵ بۆ پلەی پێنجەم دابەزی.
ئاکرێ بە وزەیەکی نوێوە شێروانەی تێپەڕاند
یانەی ئاکرێ لە نێو یاریگا و هاندەرە زۆرەکەیدا، تاقیکردنەوەیەکی سەختی بەرامبەر شێروانە ئەنجامدا. ئاکرێ بە ئاستێکی بەرزەوە دەرکەوت و توانی بە ئەنجامی (٣-٠) یارییەکە بباتەوە. ئەم سەرکەوتنە ئاکرێی گەیاندە ١٢ خاڵ و پلەی چوارەمی ڕیزبەندی، کە نیشانەی گەڕانەوەی ئەو تیپەیە بۆ ناو بازنەی ڕکابەرییەکان. شێروانەش سەرەڕای شکستەکەی، بە ١٣ خاڵ لە پلەی سێیەمدا مایەوە.
زاخۆ لە قەڵادزێی بردەوە
لە یارییەکی دیکەی ململانێ ئامێزدا، یانەی زاخۆ توانی سەرکەوتنێکی گرنگ بەرامبەر یانەی قەڵادزێ بەدەستبهێنێت بە ئەنجامی (٣-٢). زاخۆ بەم بردنەوەیە خاڵەکانی گەیاندە ١٢ خاڵ و لە پلەی شەشەمی ڕیزبەندیدا جێگیر بوو. یانەی قەڵادزێش کە نۆ گەڕە تەنها ٩ خاڵی کۆکردۆتەوە، لە پلەی دەیەمی ڕیزبەندییەکەدا بینرا.


ئیسماعیل عەلی ڕۆژنامە نوسی وەرزشی تایبەت بە شارەزوور پرێس