نوسینی بابەت؛ ڕۆژنامەنووس. ئومێد زادەیی
تایبەت بە ماڵپەڕی KURD 99
لە ڕاپۆرتێكی وردی ڕۆژنامەڤانیدا؛ وردەكاریی پشت پرۆسەی هەڵوەشاندنەوەی هاوسەنگییەكان لە ئۆپۆزیسیۆنی توركیا و قەیرانی دەستووریی بڕوانامەی ئەكرەم ئیمام ئۆغڵۆ، و گۆڕانكارییەكان لە دۆزی كورددا تاوتوێ دەكەین؛
لە دەستپێكدا دەبێ بگەڕێینەوە بۆ سەرەتای هاوینی ئەم ساڵ؛ لە سیاسەتی توركیا’دا، كەم ڕووداو هەن كە هێندەی بڕیارەكەی هاوینی 2026، بناغەكانی گەورەترین پارتى ئۆپۆزیسیۆنی ئەو وڵاتە پارتی كۆماری گەل (جەهەپە) بهەژێن’ن؛ ئەو قەیرانەی كە سەرەتا وەك ناكۆكییەكی ناوخۆیی و كێبڕكێی كورسی دەستی پێ كرد، لە كۆتاییدا تەقییەوە و بووە هۆی یەكێك لە گەورەترین وەرچەرخانە مێژووییەكانی سیاسەتی هاوچەرخی توركیا؛ جیابوونەوەی یەكجاریی ئۆزگۆر ئۆزێل لەگەڵ ڕێبازی (كەمال کڵچدار ئۆغڵۆ)، دامەزراندنی پارتێكی نوێ بە ناوی (پارتی نوێ – Yeni Parti)، دیاریكردنی ئەكرەم ئیمام ئۆغڵۆ وەك كاندیدی سەرۆكایەتی، تێكەڵكردنی بە دۆزی كورد و پێڤاژۆی ئاشتی، و لە هەمووشی گرنگتر؛ بەرەو ڕووبە ڕوونەوەی قەیرانێكی قوڵی دەستووری بەهۆی پووچەڵكردنەوەی بڕوانامە زانكۆییەكەی ئەكرەم ئیمام ئۆغڵۆ’وە.
دامەزراندنی (پارتی نوێ) و كاندیدكردنی ئەکرەم ئیمام ئۆغڵۆ بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری توركیا
لە 24ی تەممووز’ی 2026 ئۆزگۆر ئۆزێل بە پشتگیریی نزیكەی 91 پێرلەمانتار و ژمارەیەکی زۆر لە سەركردە دیارەكان، دامەزراندنی پارتە نوێیەكەی بە ناوی (Yeni Parti – پارتی نوێ) ڕاگەیاند، پاش ئەوەی لە جەهەپە جیابوونەوە كە كەوەتبووە ژێر كۆنترۆڵی كەمال كڵچدار ئۆغڵۆ’وە.
لە هەنگاوی یەكەم’دا، پارتە نوێیەكە بە فەرمی ئەكرەم ئیمام ئۆغڵۆی سەرۆكی گەورە شارەوانیی ئیستانبوڵ’ی وەك كاندیدی هاوبەش و سەرەكیی سەرۆكایەتیی كۆمار ناساند بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتوو كە وا بڕیارە لە مانگی 5’ی ساڵی 2028 ئەمجام بدرێت، تاوەکو ببێتە خاڵی هێز و كۆكەرەوەی تەواوی شەقامی ئۆپۆزیسیۆن.
گەورەترین ئاستەنگ؛ قەیرانی پووچەڵ کردنەوەی بڕوانامەی زانكۆیی ئیمام ئۆغڵۆ’یە؛ بەڵام ئەم كاندیدبوونە و پڕۆسەی هەڵبژاردن ڕووبەڕووی بەربەستێكی یاسایی و دەستووریی بێ وێنە و مەترسیدار بووەوە؛ كە ئەویش دۆسیەی پووچەڵ كردنەوەی بڕوانامەی زانکۆیی ئەكرەم ئیمام ئۆغڵۆ’یە لە زانكۆی ئیستانبوڵ لەلایەن دەسەڵات و دادگاكانی سەر بە حكوومەتەوە، چونكە لە مانگی 3’ی ساڵی 2025 ئەكرەم ئیمام ئۆغڵۆ لەگەڵ ژمارەیەك لە بەرپرسانی گەورە شارەوانی ئیستانبوڵ دەسگیركرا و دواتریش بە بڕیاری دادگا زیندانی کرا و بڕوانامەكەشی لێ پوچەوڵ كرایەوە، ئەمەش لە كاتێكدایە گەورەترین ترسی سەرانی توركیا ئەوەیە كە (ئەكرەم ئیمام ئۆغڵۆ) سەرۆك شارەوانی ئیستانبوڵ بووە و وە قسەیەكی باویش هەیە لە نێو توركەكان “كێ ئیستانبوڵ’ی بە دەست بێت؛ هەر ئەوەش لە داهاتوو حوكمڕانی توركیا دەبێت” ئەمە لە كاتێكدایە كە پێشتریش سەرۆك كۆماری ئێستای توركیا (ڕەجەب تەیب ئەردۆغان) پێشتر سەرۆك شارەوانی ئیستانبوڵ بووە!
بنەمای دەستووریی قەیرانەكە؛ بەپێی ماددەی 101’ی دەستووری تورکیا، مەرجی سەرەكی و بێگەرد بۆ خۆ كاندیدكردن بۆ پۆستی سەرۆكایەتیی كۆمار ئەوەیە كە كاندیدی ئەو پۆستە دەبێت هەڵگری بڕوانامەی باڵای (بەكالۆریۆس یان سەرووتر)ی لە زانكۆیەكی دانپێدانراودا هەبێت لە توركیا، بەبێ بوونی بڕوانامەی زانكۆ، كەس ناتوانێت دەسەڵات بگرێتە دەست یان تەنانەت مافی خۆ كاندیدکردنیشی بۆ سەرۆكایەتی نییە.
سەناریۆی لێدانی سیاسی؛ دەسەڵاتی ئێستای پارتی داد و گەشەپێدان (ئاك پارتی – Ak Parti) و هاوپەیمانییەكەی، بە مەبەستی پەكخستنی یەكجاریی و كێبڕكێی سیاسیی ئیمام ئۆغڵۆ، پەنایان بۆ كارتی فشار برد و لە ڕێگەی دەزگا پەیوەندیدارەكانەوە بڕوانامەكەیان خستە ژێر پرسیار و بڕیاری پووچەڵكردنەوەیان دەركرد؛ ئامانجی سەرەكیی ئەم هەنگاوە ئەوەیە كە پێشوەختە ڕێگە لە ئیمام ئۆغڵۆ بگیرێت لە ڕووی یاساییەوە مەرجی سەرۆكایەتی تێپەڕێنێت و لە مەیدانی هەڵبژاردن دوور بخرێتەوە.
کاردانەوەی Yeni Parti؛ ئۆزگۆر ئۆزێل و پارتە نوێیەكەی ئەم هەنگاوەیان وەك “كودەتایەکی یاسایی و سیاسی” پەسن و پێناس كرد؛ ئەوان جەخت لەوە دەكەنەوە كە دەسەڵات لە ترسی دۆڕان لە هەڵبژاردنی داهاتوودا، پەنا بۆ فێڵ و دەستكاریكردنی یاساكان دەبات، و Yeni Parti بە هەموو توانایەکی یاساییەوە بەرگری لە شەرعییەتی كاندیدەكەیان دەكات.
گرێدانی پارتە نوێیە بە دۆزی کورد و یاسای پێڤاژۆی ئاشتی كە لە مانگی هەشتی ئەو ساڵ پەسەند كرا لە پێرلەمانی توركیا؛ لە تەنیشت ئەم قەیرانە دەستووری و یاساییانە، دروستبوونی (Yeni Parti) و هاوپەیمانییەكەی لەگەڵ ئەكرەم ئیمام ئۆغڵۆ ڕەهەندێكی ستراتیژیی تری هەبوو؛ ئەویش تێڕوانینی نوێ بوو بۆ دۆزی کورد و پرۆسەی چارەسەری لەگەڵ هێزە كوردیەكان؛ ڕزگاربوون لە تەوقی شۆڤینیستی؛ باڵی كۆنەپەرست و نەتەوەپەرستی توندی ناو جەهەپە (كە لەلایەن كەمال کڵچدار ئۆغڵۆ’وە ئاڕاستە دەكرا) هەمیشە بەربەست بوو لەبەردەم كرانەوەی سیاسی بەڕووی كورددا چونكە (جەهەپە – CHP) لەلایەن مستەفا كەمال ئەتاتورك دامەزرا بوو زۆر بە توندی و سەختی دەستیان بەسەر بیری شۆڤینیەوە گرت بوو! بەڵام ئۆزێل و ئیمام ئۆغڵۆ باش دەزانن سەركەوتنیان لە هەڵبژاردن، بەتایبەت لەم دۆخە سەختەی بڕوانامەدا، بەبێ پشتیوانیی یەكلاكەرەوەی دەنگدەرانی كورد مەحاڵە؛ سیاسەتی واقیعی و ئاشتیانە؛Yeni Parti لە بەرنامە سیاسییەكەی خۆیدا جەختی لەوە كردەوە کە چارەسەری پرسی كورد تەنها بە زەبر و زەنگ و ڕێگەی ئەمنی ناچێتە پێشەوە، بەڵكو پێویستی بە دیموكراسییەكی ڕیشەیی، مافی یەکسان، و دەستپێكردنەوەی پرۆسەیەكی سیاسیی شەفاف و پێرلەمانی هەیە بۆ كۆتاییهێنان بە توندوتیژی (پەیوەندیدار بە دۆسیەی هێزە كوردیەكەی قەندیل).
هاوكێشەی نوێ؛ تێكەڵكردنی قەیرانی دێمۆكراسی (وەك كێشەی بڕوانامەی ئەكرەم ئیمام ئۆغڵۆ) لەگەڵ داواكارییە ڕەواكانی دۆزی كورد، وای کردووە Yeni Parti نەخشە ڕێگەیەك پێشكەش بكات كە تێیدا خەبات دژی دەسەڵاتداریی ستەمكار و داواكاری بۆ ئاشتی و چارەسەری دێمۆكراتیانە ببنە دوو تەوەری تەواوكەری یەكتر.
پوختەی بابەت و سەر ئەنجام: جیابوونەوەی ئۆزگۆر ئۆزێل لە جەهەپە و دامەزراندنی (Yeni Parti) لە هاوینی 2026دا، لە كاتێكدا ڕووی دا كە قەیرانی بڕوانامەی زانكۆیی ئەكرەم ئیمام ئۆغڵۆ وەك كاندیدی سەرۆكایەتیی پارتە نوێیەكە، لەلایەن دەسەڵاتەوە وەك كارتێكی یاسایی بۆ بێبەشكردنی لە خۆ كاندیدكردن بەكاردەهێنرێت؛ چونكە لە توركیا مەرجی سەرۆكایەتی بەستراوە بە بوونی بڕوانامەی باڵا؛ لە تەنیشت ئەم قەیرانە دەستوورییەوە، پارتە نوێیەكە هەڵوێستێكی واقیعیانەی بەرامبەر دۆزی كورد و پێڤاژۆی ئاشتی لەگەڵ (هێزە كوردیەكەی قەندیل) گرتووەتە بەر، بە جۆرێك كە سەركەوتنی خۆی لەم خەباتە هاوبەشەدا بەستووەتەوە بە دێمۆكاتیکردنی ڕیشەیی و كۆتاییهێنان بە بەربەستە نەتەوەپەرستەییە كۆنەكان.
