بارسێلۆنا و پاریس سان جێرمان لە یاری لوتکەی چامپیۆنزلیگ ڕووبەڕوی یەکدی دەبنەوە .

ئەمشەو لە یاریگای ئۆڵۆمپیادی مۆنتخویک، جیهانی تۆپی پێ سەرنجی لەسەر ڕووبەڕووبوونەوەی گەورەی قۆناغی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگ دەبێت؛ کاتێک بارسێلۆنای هانسی فلیک میوانداری پاریس سان جێرمانی لویس ئێنریکی دەکات. ئەم یارییە دەکرێت پێشبینیی یاریی کۆتایی ئەم وەرزەش بێت.

بارسێلۆنا بە فۆرمێکی نایابەوە دەگاتە ئەم یارییە، دوای بەدەستهێنانی پێنج سەرکەوتنی لەسەریەک و مانەوە بەبێ دۆڕان لە لالیگا. گەڕانەوەی لامین یامال هیوا دەداتە هێڵی پێشەوەی بلاوگرانا. لە بەرامبەردا، پاریس سان جێرمان بەهۆی پێکانەوە چەند یاریزانێکی سەرەکی وەک دێمبلی و مارکوینۆسی لەدەست داوە؛ هەروەها گومان لە بەشداریکردنی یاریزانانی ناوەڕاستی گرنگ وەک ڤیتینها و جواو نێڤێس هەیە.
ئەم یاریە دەکرێت شەڕی هێڵی ناوەڕاست بێت لە نێوان پێدری و فرێنکی دی یۆنگ بەرامبەر ناوەڕاستی پاریس؛ و هەروەها ململانێی نێوان لامین یامال و نونۆ مێندێز یاریەکه یەکلایی بکاتەوە .

وتەکانی هانسی فلیک، ڕاهێنەری بارسێلۆنا:

فلیک ئاگاداری قورسایی تاقیکردنەوەکە بوو، بەڵام جەختی لەسەر پێویستی پێشکەشکردنی ئاستێکی بێ هەڵە کردەوە. ئەو وتی: “ئێمە بەرامبەر باشترین تیپی وەرزی ڕابردوو یاری دەکەین، ئەوەش تەحەدایەکی گەورەیە”. فلیک ئاماژەی بەوەدا کە پێویستە کار لەسەر پلانی یارییەکەمان بکەین، وەک کۆنترۆڵکردنی تۆپ و جێگیرکردنی خۆمان بە باشی؛ و هۆشداری دا کە: “لە چرکەی یەکەمەوە تا  کۆتایی، دەبێت لە بەرزترین ئاستی خۆماندا یاری بکەین چونکە لە چامپیۆنزلیگە هیچ بوارێک نییە بۆ هەڵەکردن”.

پێدری یاریزانی بارساش دەربارەی یاریەکە  وتی: “هەردوو یانە تۆپەکەیان دەوێت”، و جەختی کردەوە کە ستایلی هێرشبەریی پاریس “بۆشایی زیاتر” دەداتە بارسا ئەمەش دەرفەت دەبێت تاکو سودی لێوەربگرن و گۆڵ تۆماربکەن.


وتەکانی لویس ئێنریکی، ڕاهێنەری پاریس سان جێرمان:

لویس ئێنریکی بە هەستێکی سۆزدارییەوە بۆ شاری بارسێلۆنا گەڕایەوە وتی: “بارسێلۆنا ماڵی منە”. بەڵام لە هەمان کاتدا ستایشی ڕکابەرەکەی کرد و دانی بەوەدانا کە: “ئەم تیپەی هانسی فلیکم خۆشدەوێت”. وتیشی: فلیک “ڕاهێنەرێکی ئاست بەرزە هەمیشە یاریکردن لە دژی قورس دەبێت “.
لەسەر یارییەکە، ئێنریکی پێیوایە بۆ بردنەوەی ئەم بارسایە، پێویستە پاریس  ئاستێکی بەرزی تۆپی پێ پێشکەش بکات. لەبارەی پێکانەکانەوە ئێنریکی وتی: “دەمانەوێت وریا بین و بڕیار لەسەر بەشداریکردنی یاریزانە گومانلێکراوەکان زیاتر بەندە بە خۆیانەوە نەک بە من؛ چونکە یارییەکی گرنگە بەڵام یارییەکی یەکلاکەرەوە نییە”.

چاوەڕوان دەکرێت یاریەکە لە ئاستی کوالێتی بەرز و پڕ لە شەڕی تاکتیکی دا بێت. بارسێلۆنا بە پشتیوانی جەماوەرییەوە دەیەوێت تۆڵەی دۆڕاندنی پێشووی لە پاریس سان جێرمان بکاتەوە و هێزی خۆی بۆ وەرزی نوێ پێشانبدات.

ئیسماعیل عەلی ڕۆژنامەنوسی وەرزشی تایبەت بە شارەزوور پرێس.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

+ 69 = 70
Powered by MathCaptcha