پوختەی بڕیارە گشتییەکان بۆ وەرزی ٢٠٢٥-٢٠٢٦
ئەمڕۆ (٤\١٠) یەکێتی تۆپی پێی کوردستان لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا چەند بڕیارێکی چارەنووسسازی پەسەند کرد، کە کاریگەری ڕاستەوخۆیان لەسەر ڕێڕەوی خولەکانی کوردستان دەبێت.
گرنگترین بڕیارەکان بریتین لە:
١. خولی نایابی کوردستان
شێوازی بەڕێوەچوون:
خولی نایابی کوردستان بە بەشداری ١١ یانە بەڕێوەدەچێت، ئەمەش دوای پەسەندکردنی نووسراوی کشانەوەی یانەکانی برایەتی، پیشەسازی و هەڵۆ. خولەکە بە شێوازی خول و بە دوو قۆناغی چوون و هاتن دەکرێت.
سیستەمی دابەزین و سەرکەوتن:
لە وەرزی ٢٠٢٥-٢٠٢٦، تەنها یەک یانە (خاوەنی پلەی ١١) دادەبەزێت بۆ ڕیزی خولی پلەیەکی کوردستان. هەروەها، یانەی خاوەنی پلەی دە یاری پلەی ئۆف لەگەڵ خاوەنی پلەی پێنجەمی خولی پلەیەکی کوردستان دەکات. ئەم سیستەمە نوێیە ئاماژەیە بۆ هەوڵی یەکێتی بۆ گەورەکردنی قەبارەی خولی نایاب لە وەرزی دواتردا.
ڕێنمایی یاریزانان و گواستنەوە:
* ڕێگە بە بەکارهێنانی پێنج یاریزانی پیشەگەر دەدرێت لە خولی نایاب.
* پەرەپێدانی گەنجان بە گرنگییەوە تەماشا دەکرێت؛ مەرجە پێنج یاریزانی لەدایکبووی ٢٠٠٧ ناویان لە لیستی یاریزانانی پێشکەوتوواندا هەبێت.
* یاریزانانی یانە کێشاوەکان: سەرجەم یاریزانانی یانەکانی برایەتی، پیشەسازی و هەڵۆ بەبێ مافی دەستبەرداربوون دەتوانن پەیوەندی بە هەر یانەیەکی دیکەوە بکەن کە بیانەوێت .
* لیستی یارییەکان: ژمارەی یاریزانانی ناو لیستی یاری لە کاتی یارییەکەدا زیاد کراوە بۆ ٢٢ یاریزان، بە مەرجی بوونی سێ گۆڵپارێز لە لیستەکەدا.
* دوا وادەی گواستنەوەی یاریزانان بۆ خولی نایاب: ٨ / ١١ / ٢٠٢٥ کاتژمێر ١٢ـی شەو.
٢. سزای پێشێلکارییەکان
یەکێتی سزای دارایی و کارگێڕی قورسی داناوە بۆ دڵنیابوون لە پابەندبوونی یانەکان:
* هەر یانەیەک پێش دەستپێکی خولەکە بکشێتەوە، بە ١٠ ملیۆن دینار سزا دەدرێت و یەک پلەش دادەبەزێنرێت.
* هەر یانەیەک دوای دەستپێکی خولەکە بکشێتەوە، بە بڕی ٤٠ ملیۆن دینار سزا دەدرێت و یەک پلەش دادەبەزێنرێت.
* هەر یانەیەک لە کاتی یارییەکاندا ئامادە نەبێت (جگە لە ڕووداوی نەخوازراو)، بە ٨ ملیۆن دینار سزا دەدرێت.
٣. خولەکانی تر
* خولی پلەیەکی کوردستان: چوار یانە سەردەکەون بۆ خولی نایابی کوردستان و چوار یانەش دادەبەزێت بۆ ڕیزی پلە دووی کوردستان.
* خولی ژێر ١٧ ساڵان: تەنها بە یەک قۆناغ بەڕێوەدەچێت، یاریزانەکانیش دەبێت لەدایکبووی ٢٠٠٨ و ٢٠٠٩ بن.
* خولی فوتساڵی کچان: وادەی دەستپێکردنی دواخراوە بۆ ٢٥ / ٣ / ٢٠٢٦.
سەرچاوە: یەکێتی تۆپی پێی کوردستان.


