ڕیال مەدرید چاوی لەسەر موسیس کایسیدۆی ناوەڕاستکاری چێڵسییە لە پلانێکی گەورەدا بۆ نوێکردنەوەی هێڵی ناوەڕاستی.

سەرچاوەکانی هەواڵ لە ئیسپانیا و ئینگلتەرا ئاماژە بەوە دەکەن کە یانەی شاهانەی ئیسپانیا، ڕیال مەدرید، بە وردی چاودێری دۆخی موسیس کایسیدۆی یاریزانی یانەی چێڵسی دەکات، و هەوڵەکانی بۆ گرێبەست لەگەڵ ئەو یاریزانە ئیکوادۆرییە خستووەتە گەڕ.

​هەرچەندە کایسیدۆ تاوەکو ساڵی 2031 لەگەڵ چێڵسی گرێبەستی هەیە، بەڵام مەدرید بەردەوام بەدواداچوونی بۆ ئاستی ئەو یاریزانە لە پریمەرلیگدا کردووە و وەک جێگرەوەیەکی نایاب لە هێڵی ناوەڕاستدا بۆ ساڵانی داهاتوو سەیری دەکات.

کایسیدۆ: ناوەڕاستکارێکی تایبەت بە توانای بەرگری بەهێز

​کایسیدۆ، کە لە مانگی یازدەی 2001 لەدایکبووە، بەهێزی جەستەیی و توانای لە دەستکەوتنەوەی تۆپ ناسراوە. ئەو تایبەتمەندییانە وایان لێکردووە بەراورد بکرێت بە باشترین ناوەڕاستکارانی جەق لە ئەورووپا. دوای ئەوەی لە ئەکادیمیای ‘ئیندیپێندێنت’ی ئیکوادۆری دەرکەوت و لەگەڵ برایتۆن ئاستێکی سەرنجڕاکێشی پێشکەش کرد، لە ساڵی 2023 چێڵسی بە بڕی 115 ملیۆن پاوەند گرێبەستی لەگەڵ کرد، بەمەش بوو بە یەکێک لە گرانترین یاریزانەکان لە مێژووی پریمەرلیگدا.

​لە ‘ستامفۆرد بریج’، کایسیدۆ بووەتە یاریزانێکی سەرەکی لە پڕۆژەی نوێی چێڵسیدا و بە بەردەوامی لەژێر سەرپەرشتی ئینزۆ مارێسکا یاریی کردووە و ئاستێکی جێگیری پێشکەش کردووە.

پلانەکانی ڕیال مەدرید

​بەپێی ڕاپۆرتەکان، چاودێرانی ڕیال مەدرید سەرسامی ئاستی کایسیدۆن و بە گونجاوترین یاریزانی دەبینن بۆ هاوەڵیکردنی جود بێلینگهام و فێدریکۆ ڤاڵڤێردی لە هێڵی ناوەڕاست. خواستی گواستنەوەی کایسیدۆ بەشێکە لە ستراتیژی درێژخایەنی یانە شاهانەکە بۆ نوێکردنەوەی هێڵی ناوەڕاست و دۆزینەوەی جێگرەوەی شایستە بۆ لۆکا مۆدریچ و تۆنی کرووس.

کۆسپەکانی بەردەم گواستنەوەکە

​سەرەڕای زیادبوونی خواستی مەدرید، چێڵسی لەبارەی دۆخەکەوە زۆر ئارامە و جەخت لەوە دەکەنەوە کە کایسیدۆ بە تەواوی پابەندە بە گرێبەستە درێژخایەنەکەی کە تاوەکو ساڵی 2031ە. ئەمەش وایکردووە چێڵسی هیچ نیازێکی بۆ گفتوگۆکردن لەسەر گواستنەوەی یاریزانەکەی نەبێت. گواستنەوەی کایسیدۆ زۆر ئاسان نابێت، بەتایبەت لەبەر زۆریی تێچووی گرێبەستەکە و ماوەی درێژی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانە لەندەنییەکە.

بەڵام یانەی ڕیال مەدرید هەمیشە بەدوای باشترینەکاندا دەگەڕێت و دیارە کایسیدۆ بۆچوونێکی گەورەی بۆ داهاتووی یانەکە هەیە.

تەها علی ڕۆژنامەنوسی وەرزشی تایبەت بە شارەزوور پرێس

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

+ 38 = 47
Powered by MathCaptcha