گەردەلولی بێپارەیی و قەرزاری تەنگی بە نەورۆز هەڵچنیوە: یانەکە داوای وەفاداری لە هاندەران دەکات یان کشانەوە لە خولی عێراق!

یانەی وەرزشیی نەورۆز، تاکه نوێنەری سلێمانی لە خولی نایابی عێراق، ئێستا لەبەردەم مەترسییەکی گەورەی دارایی و سیاسی دایە کە ڕەنگە کاروانی وەرزشیی یانەکە بە یەکجاری خامۆش بکات. بەرپرسانی یانەکە بە ئاشکرا دەیخەنەڕوو کە قەرزاریی و نەبوونی پاڵپشتیی پێویست، نەورۆزی خستووەتە بەردەم دوو بژاردەی سەخت: ڕزگاربوون بە دەستگیرۆیی هاندەران یان کشانەوە لە خولەکە.

ژمارە ترسناکەکانی قەیرانی یانەی وەرزشی نەورۆز

بەرپرسانی یانەی نەورۆز، بە ناچاری، ژمارە ترسناکەکانی بارودۆخەکەیان ئاشکرا کردووە:

  • قەرزاریی: یانەکە 50 دەفتەر دۆلار قەرزدارە.
  • مووچە: ماوەی 50 ڕۆژە یاریزانان (ناوخۆیی و بیانی) مووچەیان وەرنەگرتووە.
  • پێداویستی مانگانە: مانگانە پێویستیان بە 500 ملیۆن دینارە بۆ بەردەوامبوون.

یانەکە ئاماژە بەوە دەکات کە لە دەرگای چەندین سەرمایەداریان داوە، بەڵام “کەس ناویرێت” قەرز یان پاڵپشتییان بکات.

کاتی وەفاداریی و دەستگیرۆیی ئێوەیە!

لە وەڵامی ئەم دۆخە پەرێشانەدا، یانەی نەورۆز بە بڵاوکردنەوەی پەیامێکی گەرم، ڕاستەوخۆ داوای لە هاندەران، هەواداران و هاوڵاتیانی سلێمانی و دەوروبەری کردووە. پەیامەکە دەڵێت:
“ئێستا کاتی سەلماندنی وەفاداریی و بە دەمەوە هاتن و هاوکاریی و دەستگیرۆیی ئێوەیە تا لەسەر پێی خۆمان بوەستین… بە ئومێدێکی زۆرەوە چاوەڕوانتانین پێکەوە نەهێڵین ڕۆشنایی مەشخەڵی نەورۆز خامۆش بێت.”

ئەم داوایە، تەنیا داوای پارە نییە، بەڵکو بانگەوازێکە بۆ پاراستنی بوونی نوێنەرایەتی وەرزشی سلێمانی لە گۆڕەپانی عێراقدا.

بژاردەی کۆتایی: کشانەوە

بەپێی قسەی بەرپرسانی نەورۆز، ئەوان تەنیا لەبەردەم دوو ڕێگەییدا ماونەتەوە: یان پاڵپشتیی دارایی هاندەران دەگات، یان ناچار دەبن دوای یارییەکەیان لەگەڵ دهۆک/هەولێر، لە خولی عێراق پاشکەشە بکەن.
لە کۆتایی بانگەوازەکەیدا، یانەکە داوای کردووە هەر کەسێک خوازیاری هاوکارییە، پەیوەندی بەم ژمارە مۆبایلەوە بکات: 07701570883.

پەیامی هاندەران و دڵسۆزانی یانەی نەورۆز بۆ سەرمایەدارانی شارەکە.

هاندەرانی یانەی نەورۆز بانگەوازێکی یەکلاکەرەوە ئاراستەی لایەنە سیاسییەکان و سەرمایەدارانی سلێمانی دەکەن، ڕایدەگەیەنن کە یانەکەمان لەبەردەم لە ناوچوونی وەرزشیی دایە بەهۆی تێکەڵبوونی سیاسەت و بێدەنگی داراییەوە.
یانەی نەورۆز موڵکی هەمووانە، نەک کارتی ململانێی حیزبی. داوا دەکەین دەستبەجێ سەرمایەدار و بەرپرسانی شارەکە هاوکاری دارایی پێشکەش بە یانەی نەورۆز بکەن و سیاسەت بە یانەکەوە نەلکێنن و ڕێگە نەدەن نەورۆز ببێتە قوربانی ململانێی سیاسی.

ترسەکە لەوەدایە، ئەگەر نەورۆز بکەوێت، خەونی وەرزشیی و یانەکیی سلێمانی بۆ چەندین ساڵی داهاتوو لەبار دەبرێت.

ئیسماعیل عەلی ڕۆژنامە نوسی وەرزشی تایبەت بە شارەزوور پرێس

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

29 + = 34
Powered by MathCaptcha