خیانەتی ڕۆشنبیران
نووسینی/ هەرێم محەمەد
بێگومان ڕۆشنبیر لێرەدا ئەوانە ناگرێتەوە کە پێیان دەوترێت مامۆستا یان پزیشک و مامۆستای زانکۆ و…. ، چونکە لە بنەڕەتدا ئەم تایپە تەنها “فەرمانبەرن” و کاریان تەنها گواستنەوەی فەرمانە، بەبێ ئەوەی هیچ گومانێک لەو فەرمانە بکەن، هەمیشەش وەک کۆتا حەقیقەت لەو فەرمانە دەڕوانن و دەبنە هۆکاری بەرهەمهێنانی موقەدەس، هەر کاتێک گومانت خستەسەر ئەو فەرمانەی پێیدراوە، ڕاستەوخۆ دەشڵەژێ، ئەوەی وەهمی ڕوناکبیریشی لا دروستکردوون ئەو دیدەیە کە خوێندەوار و ڕۆشنبیری بۆ جیاناکرێتەوە.ئەمانە وەک ئاسنگەر یان هەر پیشەوەرێکی دیکە بژێوی لەسەر کارەکانیان پەیدادەکەن.
ڕوناکبیر ئەوەیە دەتوانێ “ڕووداو” دروستبکات بکات، ئەو دەیان پرسیار لەسەر ئەو حەقیقەتە دروستدەکات کە کۆمەڵگە وەک کۆتا قسە وەریگرتووە، هەر لەبەر ئەم هۆکارەشە کەمترین ڕوناکبیر لەناو ئەم گەلە بەدبەختەدا بوونی هەیە، چونکە کەمترین ڕووداو لە مێژووی ئێمەدا هەیە کە ڕۆشنبیران داینەمۆی بن، هۆکارەکەی ئەوەیە کۆمەڵگەی کوردی کۆمەڵگەیەکی دواکەوتووە، کۆمەڵی دواکەوتوو هەرگیز ڕێزی بۆ ئەدەب و هونەر نەبووە، بۆیە دەبینین لە مێژوودا چەقیووە.
. ئێدوارد سەعیدی فەڵەستینی دەیگووت:” ڕۆشنبیر دەبێ بێزارکەر و ڕەزاگران بێ” کەچی لە ژینگەی کۆمەڵایەتی ئێمەدا، چونکە ئەم کارەکتەرە هەرگیز کێشەی لەگەڵ کۆمەڵگە و سیستمی سیاسی نیە، قسەکانی لە وڕێنە زیاتر تێناپەڕن.
. تایپێک لە جەهل لە پشت نەتەوەوە خۆی حەشارداوە و هەموو شکستێک بە سەروەری نیشتمان دەبەستێتەوە، ئەم تایپە لە بازاڕی عوکازەوە تا بازاڕە مۆدێرنەکانی لەندەن و پاریس و قاهیرە ، کەس بە دینارێک نایکڕێت، کەچی خۆی وەک مامانی ڕۆشنبیری دەناسێنێت، وەک ئەوەی بەیداخی ڕزگاری بەدەست ئەوانەوە بێت.
* تێبینی
(خیانەتی ڕۆشنبیران) ناونیشانی کتێبێکی “ژوێل بیندا”یە.