خۆڵەكە پاك دەكەمەوە، ئەوجا قومێك ئاو نۆش دەكەم”

ئەمە دیمەنی یەكێك لە شەقامەكانی نێو بازاڕی شارەزوورە، شەوانی درەنگ گەر چاو لە نێو بازاڕی هەر شارێك بكەیت لە كوردستان دەبینی كە خۆڵ و خاشاكێكی یەكجار زۆر كۆ دەبێتەوە، سەرەڕای هۆشیاری هاوڵاتیان بۆ پیس نەبوونی كوچە و شەقامی هەر شوێنێك بەڵام ئەم دیمەنانە هەر دووبارە دەبنەوە، ئەوەی گرنگە كە بگوترێ دەبێ ڕۆژانە هەزاران جار دەستی كارگوزار و ئەو كەسانە بگوشین كە لە كاتی زووی بەیانیان پێش هەمووان دێنە دەرەوە و دەست دەكەن بە پاك كردنەوەی شەقام و شوێنە گشتیەكان، كۆتایەكانی مانگی ئاب یان سەرەتایی ئەیلول بوو بەیانیەكی زوو بە كارێك لە بەردەم پاركی دایك بووم نزیك نەخۆشخانەی گشتی (شەهید ڕەوف بەگ) مامە حاجیەكی تەمەن شەست یان حەفتا ساڵم بینی كە بە خەریك پاك کردنەوەی ئەو شەقامە سەرەكیە بوو، ئەو خاكەناز و خۆڵ ڕێژەكەی خستبووە ئەولا بە دەستی خەریكی ئەو پاشماوە بچوك و وردانە بوو كە ئاسان كۆ نەدەكرانەوە، ئەو كوڕەكەشی لەگەڵ خۆی هێنابوو كوڕێكی گەنج تا هاوكاری بێت هەر هیچ نەبێ بڕێك شتی لەگەڵ كۆ بكاتەوە تۆزێ خێراتر كارەكان ڕاپەڕێنن، تۆزێك دواتر لە یەكێك لە ماركێتەكان ئاگام لێ بوو كوڕەكە ڕۆشت دوو دەبە ئاو بۆ خۆی و باوكی بكڕێ، كاتێ ئاوەكەی هێنا بۆ باوكی ئەوەی جێی سەرنج و ورد بوونەوە بوو لام مام حاجیەكە ئاوەكەی نەخوارد و زۆر بە وردی گوێم لێ گرت ووتی كە هەتا ئەو شتانەی تریش كە لەسەر ئەم جادە ماوە تەواو نەكەم ئاو ناخۆمەوە، بەڵێ هەر كەسێك لە ئێمە وەهایە ئاخر كەس هەیە لای ئاسایی بێت دەستەكانی بە خۆڵ و خاشاكی شارەكەی بێت هەرگیز مرۆڤ بەرگەی ئەوە ناگرێت بە ئارامی بۆی دانیشێت و قومێك ئاو نۆش بكات، هەر كاتێك مرۆڤ بیری لەوە كردەوە كە ئەو پاشماوە و خۆڵ و خاشاكانەی لە بەردەسیەتی و كە فڕەیان دەدات و دوایەش دەبێ بە چ ناخۆشیەك كۆ بكرێتەوە ئەوا هەرگیز بوێری و جورئەتی ئەوە ناكات شتەكان فڕێ بداتە سەر زەوی و دەیخاتە شوێنی خۆی!، ڕۆژانە شەوانە لە كوردستان هەزاران كەس بێ ماندوو بوون، بە سەرما گەرما، بە هەفتە و بە مانگ و بە ساڵ سەرقاڵی ئەوەن پێش هەمووان لە خەو ڕاپەڕن و ژینگەكەیان پاك بكەنەوە و شارەكانیان خاوێن بكەنەوە، تەنها ماڵەكەت ئەرك و بەرپرسیارێتی لەسەر تۆ نییە، بەڵكوو شارەكەشت، نیشتیمانەكەت، ژینگەكەت، یان هەر جێیەكیش كە بۆی دەچیت، ئەمە خوودی هۆشیاریەكەیە كە دەبێ باسی لێ كرێت!، نەك پاك و خاوێنی بە مانشێتێكی زل و زەبەلاح دابنرێ لە جێگەكان و هەمووشی وابزانێ نوسراوە “جگەرە كێشان” قەدەغەیە! بڵێ ئا شكوور من جگەرە كێش نیم!

نوسینی بابەت؛ ئومێد زادەیی ڕۆژنامەنووس لە ماڵپەڕی شارەزوور پرێس.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

+ 88 = 93
Powered by MathCaptcha