ئیسحاق دار، وەزیری دەرەوەی پاکستان، هەواڵێکی خۆشی ڕاگەیاند و ئاشکرای کرد کە حکومەتی ئێران ڕەزامەندی دەربڕیوە ڕێگە بدات بە تێپەڕبوونی ٢٠ کەشتیی نوێی هەڵگری ئاڵای پاکستان بەناو گەرووی ستراتیژیی هورمزدا، بەپێی ئەم ڕێککەوتنە، ڕۆژانە دوو کەشتیی پاکستانی دەتوانن بە ناو گەرووەکەدا تێپەڕبن، ئەمەش وەک هەنگاوێکی گرنگ و بونیاتنەر بۆ هێورکردنەوەی بارودۆخی ناوچەکە و چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیری دەبینرێت.
وەزیری دەرەوەی پاکستان ئەم بڕیارەی ئێرانی وەک “مژدەی ئاشتی” وەسف کرد و جەختی لەوە کردەوە کە گفتوگۆ و دیپلۆماسی تەنها ڕێگەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، ئەم پەرەسەندنە دوای زنجیرەیەک ئاڵۆزیی دەریایی دێت لە ناوچەکەدا، ئیسحاق دار لە ڕێگەی هەژمارەکەیەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (X) ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم هەنگاوە هەوڵە بەکۆمەڵەکان بۆ پاراستنی ئاسایشی دەریایی بەهێزتر دەکات، هاوکات چەند بەرپرسێکی باڵای ئەمریکی و ئێرانیشی لە پەیامەکەیدا تاگ کردووە تا وەک دەستکەوتێکی دیپلۆماسیی هاوبەش بخرێتە ڕوو.
