یەكەمین كۆنفرانسی زانستیی نێودەوڵەتیی سەرۆك جەلال تاڵەبانی لە زانكۆی سلێمانی ڕێكدەخرێت.

دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی‌  بەهەماهەنگی زانــكۆی ســلــێمـانـی و هەریەك لە زانكۆكانی (گەرمیان، كۆیە، راپەڕین، هەڵەبجە، پۆلیتەكنیكی سلێمانی، پۆلیتەكنیكی گەرمیان، چەرموو، كۆمار، تیشكی نێودەوڵەتی‌، قەیوانی نێودەوڵەتی و جیهان)، بەدروشمی (سەرۆك مام جەلال راستی‌ و هەڵوێستە مێژووییەكان)، یەكەمین كۆنفرانسی زانستیی نێودەوڵەتیی سەرۆك جەلال تاڵەبانی ئەنجامدەدات.

كۆنفرانسەكە، بەسەرپەرشتی د. محەمەد سابیر، سەرۆکی دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی و پڕۆفیسۆر دكتۆر كۆسار محەمەد عەلی، سەرۆكی زانكۆی سلێمانی‌  لە رۆژانی (٣ و ٤)ی تشرینی یەكەمی ٢٠٢٥ لە هۆڵەكانی كۆنگرێسی زانكۆی سلێمانی بەڕێوەدەچێت، كە هاوكاتە لەگەڵ هەشتەمین ساڵیادی كۆچی دوایی سەرۆك مام جەلال.

كۆنفرانسەكە، (نۆ) تەوەری زانستی دەربارەی (ژیاننامە‌ و كەسایەتیی سەرۆك مام جەلال، رەهەندی سیاسی‌ و هزری‌ و شۆڕشگێریی سەرۆك تاڵەبانی، رۆڵی لە چەسپاندن‌ و سەروەری یاسا، رۆڵ‌ و كاریگەری سیاسەتی سەرۆك مام جەلال لە گرنگیدان بە پرس‌ و مافەكانی ژنان، كاریگەرییە ئەرێنییەكانی لەسەر سەقامگیری‌ و هاوسەنگیی سیاسی لە هەرێمی كوردستان‌ و عێراق، رۆڵی لە بواری پەروەردە و خوێندنی باڵا، رۆڵی لە بەدەستهێنان‌ و دابینكردنی مافەكانی نەتەوەی كورد لە هەر چوار پارچەكەی كوردستان‌ و مافی نەتەوەكانی تر و كەمایەتییەكان لە عێراقدا، رۆڵی لە رەوتی ئازادی رادەبڕین‌ و مافی مرۆڤ‌ و ئازادی میدیا‌ و چاپەمەنی لە هەرێمی كوردستان‌ و نەخش‌ و جێدەستی لە بواری سیاسی‌ و دبلۆماسیەتی گشتیدا) لەخۆدەگرێت.

لە یەكەم ڕۆژی كۆنفرانسەكەدا، پاشنیوەڕۆی ڕۆژی ٣ی تشرینی یەكەمی ٢٠٢٥، مەراسیمێكی تایبەت لە هۆڵی كۆنگرێس لە سەرۆكایەتی زانكۆی سلێمانی بەڕێوەدەچێت.
ڕۆژی ٤ی تشرینی یەكەمی ٢٠٢٥، لە دووەم ڕۆژی كۆنفرانسی زانستیی نێودەوڵەتیی (سەرۆك جەلال تاڵەبانی) چەند پانێڵێك پێشكەشدەكرێن.

لە كۆنفرانسەكەدا (٢٠) توێژینەوەی زانستی لەسەر هزری سیاسیی سەرۆك مام جەلال و ڕۆڵ و كاریگەری لە پرۆسەی ئاشتی و ئازادی ڕادەربڕین و مافی مرۆڤ و چەسپاندنی پرۆسەی دیموكراسی لە عێراقی دوای ساڵی ٢٠٠٣، هەروەها ڕۆڵ و كاریگەری سەرۆك مام جەلال لەسەر پەیوەندی چین و كوردستان و عێراق و هەوڵەكانیان بۆ سەقامگیری و پێكەوەژیان و پاراستنی مافی پێكهاتەكان لە شاری كەركوك پێشكەشدەكرێن.

لە یەكەم ڕۆژی كۆنفرانسەكەدا کاتژمێر (٤)ی پاشنیوەڕۆی ڕۆژی ٣ی تشرینی یەكەمی ٢٠٢٥، مەراسیمێكی تایبەت لە هۆڵی كۆنگرێس لە سەرۆكایەتی زانكۆی سلێمانی بەڕێوەدەچێت.

رۆژی دووەمی کۆنفراسەکە، کاتژمێر (٩:٣٠) خولەكی بەیانی ڕۆژی شەممە بۆماوەی (٣٠) خولەك ناوی ئامادەبووان تۆماردەكرێت، پاشان کاتژمێر (١٠) كۆنفرانسەكە دەستپێدەكات.

توێژینەوەكان لە هۆڵەكانی (B, C, E, D, F )ی كۆنگرێس لە سەرۆكایەتی زانكۆی سلێمانی بە زمانی (كوردی، عەرەبی، ئینگلیزی) پێشكەشدەكرێن.

دواتر لە هۆڵی كۆنگرێس، دەرئەنجام و ڕاسپاردەكانی كۆنفرانس لەلایەن (پ.د.محەمەد ئەمین عەبدوڵڵا تاتانی) دەخرێتەڕوو، هاوكات بڕوانامەی بەشداریكردن بەسەر توێژەراندا دابەشدەكرێت و كۆتایی بە كۆنفرانسەكە دەهێنرێت.

جێی باسە، هەر بەبۆنەی ژیانئاوایی (سەرۆك مام جەلال) ڕۆژی ٣ی تشرینی یەكەمی ٢٠٢٥، بە بەشداری خانەی پەرتوك و كتێبخانەی زانكۆی سلێمانی، حەوتەمین خولی پێشانگەی نێودەوڵەتی كتێب لە سلێمانی بەناوی (خولی سەرۆك تاڵەبانی) دەكرێتەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

− 1 = 5
Powered by MathCaptcha