کلاسیکۆی ئاگرین: جەنگی ڕیزبەندی و تۆڵەسەندنەوەی ڕیاڵ مەدرید لە بەرامبەر یانەی بارسێلۆنادا !

ئەمڕۆ چاوی جیهانی تۆپی پێ لەسەر گەورەترین ڕووبەڕووبوونەوەی جیهانە، یاریی کلاسیکۆی نێوان هەردوو زەبەلاحی ئیسپانیا، ڕیاڵ مەدرید و بارسێلۆنا. ئەمە تەنها یارییەکی خول نییە؛ بەڵکو جەنگێکە لەسەر لوتکەی ڕیزبەندی، خاڵە چارەنووسسازەکان و تۆڵەسەندنەوەی شانازی!

ململانێ لەسەر پێشەنگی لالیگا

یانەی ڕیاڵ مەدرید بە ورەیەکی بەرزەوە ڕووبەڕووی ئەم یارییە دەبێتەوە. لۆس بلانکۆس لە نۆ یاری ڕابردووی خولدا، هەشت بردنەوەی تۆمارکردووە و تەنها یەک شکستی هەیە، هیچ یەکسانبوونێکی نییە و بە کۆکردنەوەی ٢٤ خاڵ، بە شایستەیی پێشەنگی ڕیزبەندی گرتووە. ئامانجی یانە شاهانەییەکە بردنەوەیە بۆ ئەوەی جیاوازیی خاڵەکانی لەگەڵ ڕکابەرە سەرسەختەکەی زیاتر بکات و قۆناغێکی گرنگ لە بەدەستهێنانی نازناوەکە ببڕێت.

لە بەرامبەردا، بارسێلۆنا بە جیاوازیی تەنها دوو خاڵ، واتا بە ٢٢ خاڵ، لە پلەی دووەمی ڕیزبەندییەکە دایە. کەتەلۆنییەکان لە نۆ یاری خولدا، حەوت بردنەوە، یەک یەکسانبوون و تەنها یەک شکستیان هەبووە. بۆیە یاریی ئەمڕۆ بۆ بارسا زۆر چارەنووسسازە، چونکە بردنەوە ڕاستەوخۆ دەیانخاتە پێشەنگی ڕیزبەندییەوە و پێگەی خۆیان لە لوتکە دەچەسپێنن.

مێژووی ڕوبەڕووبونەوەی بارسێلۆناو ڕیاڵ مەدرید

ڕیاڵ مەدرید و بارسێلۆنا لە کۆی ٢٦١ ڕووبەڕووبوونەوەی نێوانیاندا، ڕیاڵ مەدرید بە ١٠٥ بردنەوە، بە یەک بردنەوە لە پێش بارسێلۆنایە، کە ١٠٤ بردنەوەی تۆمارکردووە، لە کاتێکدا ٥٢ یاریش بە یەکسانبوون کۆتایی هاتووە.

بەڵام ئەوەی چاوەکان چڕ دەکاتەوە، وەرزی ڕابردووە! ڕیاڵ مەدرید نەیتوانی هیچ بردنەوەیەک بەرامبەر بارسا بەدەست بهێنێت و لە چوار یاری نێوانیاندا تووشی شکستهێنان بوو. ئەم ئامارە شەرمەزارکەرە، فشارێکی گەورەی خستووەتە سەر تیپەکە. هەموو چاوەکان لەسەر چابی ئەلۆنسۆی ڕاهێنەری نوێی ڕیاڵ مەدریدە بۆ ئەوەی لە یەکەم تاقیکردنەوەی لە کلاسیکۆدا، تۆڵەی شکستی وەرزی پێشوو بکاتەوە و تیپەکەی بە بردنەوەیەک لەنێو یاریگای خۆیاندا سەربخات.

کلاسیکۆی بێ ئەستێرەکان؛ کێ قوربانییە گەورەترەکە دەدات؟

ئەم یارییە ئاگرینە بێبەش دەبێت لە درەوشانەوەی چەندین ئەستێرەی سەرەکی بەهۆی پێکانەوە، وادیارە هەردوو پێکهاتەکە ناچارن پشت بە یاریزانی دیکە ببەستن.

لە یانەی ڕیاڵ مەدرید، یاریزانی بەرگری دیار و کاریگەر، دەیڤد ئەلابا و هەروەها ئەنتۆنیۆ ڕۆدریگێر بەهۆی پێکانەوە لە یارییەکە دووردەکەونەوە، ئەمەش بۆشاییەکی گەورە لە هێڵی بەرگری یانە شاهانەییەکەدا دروست دەکات.

بەڵام قەیرانی پێکان زیاتر ڕووی لە یانەی بارسێلۆنا کردووە. پێکانی چەند یاریزانێکی سەرەکی بووەتە مایەی نیگەرانییەکی گەورە. یاریزانانی وەک خوان گاریسا و گۆڵپارێزی متمانەپێکراو، تێرشتیگن لەگەڵ یاریزانە گەنجە بەهرەمەندەکان گاڤی و دانی ئۆلمۆ بێبەش دەبن. لەسەرووی ئەوانیشەوە، یانەکە ناتوانێت سوود لە توانا هێرشبەرییەکانی ڕافینا و هێرشبەرە سەرەکییەکەی، لیڤاندۆڤسکی ببینێت. ئەم بێبەشبوونە ژمارە زۆرە، گومانی خستووەتە سەر ئاستی هێرشبەری و بەرگریی یانە کەتەلۆنییەکە.

کات و شوێنی ئەنجامدانی کلاسیکۆ

بۆ بینینی ئەم ململانێ گەورەیە، هاندەران دەتوانن لە کاتی دیاریکراودا چاوەڕێی یارییەکە بکەن:

  • بۆنە: خولی ئیسپانی (لالیگا)
  • کاتی یاریی: ٦:١٥ ی ئێوارە
  • یاریگا: سانتیاگۆ بێرنابیۆ (ماڵ و یاریگای یانەی ڕیاڵ مەدرید)
  • کێ دەتوانێت ئەم قەیرانە تێپەڕێنێت؟ ئایا ڕیاڵ مەدرید تۆڵەی خۆی دەکاتەوە یان بارسا پێشەنگی لالیگا دەباتەوە؟ چاوەڕوانی یارییەکی پڕ لە دراما و ورووژێنەر بین.

ئیسماعیل عەلی ڕۆژنامە نوسی وەرزشی تایبەت بە شارەزوور پرێس

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

14 + = 16
Powered by MathCaptcha