مێسی لە کامپ نو: سەردانێکی سۆزداری و پەیامێکی کاریگەر, هیوادارم بگەڕێمەوە، ماڵئاواییم وەک پێویست نەبوو

لە هەنگاوێکی چاوەڕواننەکراودا کە دڵی هەزاران هاندەری شاد کرد، لیۆنێل مێسی، ئەفسانەی یانەی بارسێلۆنا، بە نهێنی سەردانی یاریگەی ‘سپۆتیفای کامپ نو’ی کرد. سەردانەکە لە کاتێکدایە کە یانەکە چاوەڕێی کۆتاییهاتنی پڕۆسەی نۆژەنکردنەوەکەی دەکات.

سەردانە کورتەکەی ئەستێرە ئەرجەنتینییەکە، کە کاپتنی پێشووی یانەکەیە و ئێستا یاریزانی ئینتەرمەیامیی ئەمریکییە، هاندەران و کارمەندانی یانەکەی تووشی سوپرایزێکی گەورە کرد. مێسی، کە لە ساڵی ٢٠٢١ ریزەکانی بارسێلۆنای جێهێشت، هەرگیز پەیوەندییە سۆزدارییە قوڵەکەی بە یانەکەوە نەشاردووەتەوە، سەرەڕای ساردی پەیوەندییەکانی لەگەڵ کارگێڕیی ئێستای یانەکە.

ڤیدیۆی چاودێریکردنی گۆڕانکارییەکان
ڤیدیۆیەکی بڵاوکراوە دەریخست کە لیۆ مێسی لە دەوروبەری کامپ نوی نوێدا دەسووڕێتەوە و چاودێری پەرەسەندنی کارەکانی ناو یاریگەکە دەکات، کە یانەکە هیوادارە لەم مانگەدا دوای دوو ساڵ دابڕان بگەڕێتەوە بۆی.

پەیامە کاریگەرەکەی مێسی بۆ کەتەلۆنییەکان

سەردانەکەی مێسی تەنیا گەشتێکی کورت نەبوو، بەڵکو پەیامێکی کاریگەریشی لەگەڵدا بوو کە لەڕێگەی هەژمارە فەرمییەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ئاراستەی هاندەرانی بارسێلۆنای کرد:
شەوی ڕابردوو، گەڕامەوە بۆ شوێنێک کە بە ڕۆح و گیان بیری دەکەم، شوێنێک کە تێیدا بێسنوور دڵخۆش بووم، شوێنێک کە هەزاران جار وایلێکردووم هەست بکەم دڵخۆشترین پیاوی جیهانم.”

ئەمە ئاماژەیەکی ڕوون بوو بۆ ئارەزوو و حەسرەتێکی قوڵ بۆ “ماڵە کۆنەکەی”، لەکاتێکدا ناوی لە یادگەی کەتەلۆنییەکاندا وەک گەورەترین یاریزان دەمێنێتەوە کە درێسی بارسێلۆنای پۆشیبێت.
داوای لێبوردن و ئاواتی گەڕانەوە
ئەستێرە خاوەن هەشت باڵۆندۆرەکە، ئاماژەی بەوەدا کە هیوادارە ڕۆژێک بگەڕێتەوە بۆ بارسێلۆنا و داوای لێبوردنی کرد کە نەیتوانیوە لە کاتی ڕۆیشتنی لە هاوینی ٢٠٢١ ماڵئاواییەکی شایستە لە هاندەرانی کامپ نو بکات.
مێسی بە شێوەیەکی کاریگەر گوتی:
“هیوادارم ڕۆژێک بگەڕێمەوە، نەک تەنیا بۆ ئەوەی وەک یاریزانێک ماڵئاوایی بکەم، چونکە دەرفەتی ماڵئاواییکردنم وەک پێویست نەبوو.”

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

− 4 = 3
Powered by MathCaptcha