بە فەرمی… هەڵبژاردەی عێراق گەیشتە قۆناغی پاشکۆی مۆندیالی ۲۰۲٦…

لە درامایەکی گەورەی وەرزشیدا، هەڵبژاردەی نیشتمانیی عێراق بە فەرمی گەیشتە قۆناغی پاشکۆی مۆندیالی ۲۰۲٦، ئەوەش دوای بردنەوەیەکی گرنگ و کوشندە لە هەڵبژاردەی ئیمارات لە یاریی گەڕانەوەی قۆناغی پێنجەمی پاڵاوتنەکان.

گۆڵێکی کوشندە لە دوا ساتەکاندا!

ئەمڕۆ، هەڵبژاردەی عێراق لە یاریگەی نێودەوڵەتیی بەسرە میوانداریی ئیماراتی کرد. یارییەکە بە ئاستێکی بەرز دەستی پێکرد، بەڵام لە نیوەی یەکەمدا، ئیمارات توانی لە ڕێگەی یاریزانی بە ڕەچەڵەک بەڕازیلی، کایۆ لوکاس، گۆڵی پێشکەوتن تۆمار بکات، بەمەش نیوەی یەکەم بە ۱ – ۰ لە بەرژەوەندیی ئیمارات کۆتایی هات.
لەگەڵ دەستپێکردنی نیوەی دووەمدا، گراهام ئارنۆڵدی ڕاهێنەری عێراق دەستبەجێ گۆڕانکاریی پێویستی کرد. تەنها چەند ساتێک دوای چوونە ژوورەوەی، یاریزان میمی توانی گۆڵی یەکسانبوون بۆ شێرەکانی ڕافیدەین تۆمار بکات.
ئاستی وروژم و هەوڵدانی یاریزانانی عێراق بەردەوام بوو تا گەیشتنە دوایین خولەکەکانی یارییەکە، کە تیایدا هەڵبژاردەی عێراق لێدانی سزای (پێناڵتی) بەدەست هێنا. ئەمیر عەماری، ناوەڕاستکاری لێهاتووی عێراق، بە سەرکەوتوویی جێبەجێی کرد و گۆڵێکی کوشندە و مێژوویی لە دوا ساتدا تۆمار کرد.
یارییەکەش بە ئەنجامی ۲ – ۱ لە بەرژەوەندیی هەڵبژاردەی عێراق کۆتایی هات.

ڕێگای گەیشتن بە مۆندیال
بەو بردنەوەیە، عێراق بە شێوەیەکی فەرمی گەیشتە قۆناغی پاشکۆی مۆندیالی ۲۰۲٦. ئێستا بۆ گەیشتن بە یارییەکانی کۆتایی مۆندیال، هەڵبژاردەی عێراق دەبێت بەربەستی دوو هەڵبژاردەی دیکە ببڕێت، کە یەکێکیان لە کیشوەری ئەمەریکای باکوور و ئەوی دیکەشیان لە کیشوەری ئەفریقیا دەبێت.

تەها علی ڕۆژنامەنوسی وەرزشی تایبەت بە شارەزوور پرێس

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

45 − 42 =
Powered by MathCaptcha