کامیرۆن به‌ دوو هه‌ڵبژارده‌ی جیاواز به‌شداریی له‌ جامی ئه‌فریقا ده‌کات!

چەند ڕۆژێکی کەم ماوە بۆ دەستپێکردنی جامی نەتەوەکانی ئەفریقا، بەڵام له‌ کامیرۆن پشێوی و سه‌رله‌شێواوییه‌کی گه‌وره‌ ڕووی داوه‌. فیدراسیۆنی تۆپی پێی وڵاتەکە ڕایگەیاند بە دوو پێکهاتەی جیاواز بەشداریی لەم پاڵەوانێتییەدا دەکات، کە ئەمەش بەهۆی جەنگێکی ناوخۆیی نێوان سەرۆکی فیدراسیۆن و ڕاهێنەری هەڵبژاردەکەیە.

🔥 ئیتۆ و برێس… ناکۆکییەکی گەورە!

کێشە سەرەکییەکە لە نێوان ساموێل ئیتۆ، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی کامیرۆن، و مارک برێس، ڕاهێنەری بەلجیکیی هەڵبژاردەی نیشتمانی دایە.

ساموێل ئیتۆ بەردەوام دوژمنایەتییەکی تووندی لەگەڵ برێسدا هەیە و پێی ڕاگەیاندووە کە کارەکەی کۆتایی پێهاتووە.

مارک برێس لە پۆستەکەی بەردەوامە و گرێبەستەکەی تاوەکو مانگی نۆی 2026 لەگەڵ وەزارەتی وەرزشی وڵاتەکەدا هەیە، بۆیە بڕیاری ئیتۆ بۆ دوورخستنەوەی قبووڵ ناکات.

ئەم ناکۆکییەی نێوان دوو بەرپرسە باڵاکە بووەتە هۆی شێوازە تێکچوونی هەڵبژاردەکە و ڕای گشتیی کامیرۆنیشی تووشی سەرسوڕمان کردووە.

دوو لیست، یەک پاڵەوانێتی

لە ئەنجامی ئەم پشێوییەدا، فیدراسیۆن و وەزارەتی وەرزش هەر یەکەو بە لیستێکی جیاواز ناوی یاریزانەکانیان بۆ جامی ئەفریقا ڕاگەیاندووە:

پێکهاتەکەی فیدراسیۆن (لایەنی ئیتۆ):

ڕاهێنەر: داڤید باگۆیان وەک ڕاهێنەری هەڵبژاردەکە دیاریکرد.

دوورخراوەکان: چەندین ئەستێرەی گەورە لە لیستەکەی ئیتۆ دوورخرانەوە، لەوانە گۆڵپارێزی جیهانی ئاندرێ ئۆنانا، هێرشبەر ئیریک چۆپۆ مۆتینگ، و گۆڵکەری ئێستای هەڵبژاردەکە ڤینسینت ئەبوبەکر.

پێکهاتەکەی وەزارەتی وەرزش (لایەنی برێس):

ڕاهێنەر: مارک برێس بەردەوامیی خۆی ڕاگەیاند و بەفەرمی لیستی هەڵبژاردەکەی ئاشکرا کرد.

ئەستێرەکان دەگەڕێنەوە: لە لیستی برێسدا، هەر سێ یاریزانە دوورخراوەکە (ئۆنانا، چۆپۆ مۆتینگ، و ئەبوبەکر) بەشدارن.

🎙️ “ئەوە بڕیاری کەسێکی خۆپەرستە”

مارک برێس لە لێدوانێکدا توندییەکەی خۆی نیشاندا و ڕایگەیاند کە هەمیشە ئامانجی ئیتۆ دوورخستنەوەی ئەو بووە و سووکایەتی پێکردووە.

برێس بە توندی ڕەخنەی لە بڕیاری دوورخستنەوەی ئۆنانا و ئەبوبەکر گرت و گوتی:

“پرسیار ئەوەیە چۆن هەڵبژاردەیەک دەچێتە جامی ئەفریقا بەبێ ئۆنانای گۆڵپارێزی جیهانی و ئەبووبەکر کە گۆڵکەری ئێستای هەڵبژاردەکەی؟ ئەوە کارێکی باوەڕپێنەکراوە، بەڵام من پێی شۆک نەبووم، چونکە ئەوە بڕیاری کەسێکی خۆپەرستە، کە خۆی بەباشترین دەزانێت.”

هەروەها جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە تاوەکو بڕیارێکی سەرۆکایەتیی کۆماری کامیرۆن نەیەت، لە چاوی کامیرۆنییەکاندا هەر ئەو ڕاهێنەری هەڵبژاردەکەیە.

🏅 ئەبوبەکر و ژمارە پێوانەییە مێژووییەکە

بەپێی میدیاکانی ئینگلتەرا، یەکێک لە هۆکارەکانی دوورخستنەوەی ڤینسینت ئەبوبەکر ئەوەیە کە ئیتۆی سەرۆکی فیدراسیۆن نایەوێت ژمارە پێوانەییەکەی خۆی وەک گۆڵکاری مێژوویی هەڵبژاردەکە بشکێنێت. ئەبوبەکر تەنها 12 گۆڵی دیکەی پێویستە بۆ گەیشتن بەو نازناوە.

لەم دۆخە پڕ لە گێژاوەدا، چاوەڕێ دەکرێت بزانرێت کام پێکهاتە بە فەرمی نوێنەرایەتی کامیرۆن دەکات لە جامی ئەفریقای ئەمساڵدا.

ئیسماعیل عەلی ڕۆژنامە نوسی وەرزشی تایبەت بە شارەزوور پرێس

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

41 + = 42
Powered by MathCaptcha