ڕافینیا تەنیا بە بەدەستهێنانی چامپیۆنزلیگ ڕازی دەبێت بە ڕۆیشتن لە بارسێیلۆنا !

ئەستێرە بەڕازیلییەکە سوورە لەسەر مانەوەی لە کەتەلۆنیا و پێیوایە هێشتا کاریگەرییەکی زۆری ماوە لەسەر یانەکە.

ڕافینیا، یاریزانی بەڕازیلی و باڵی هێرشبەری یانەی بەرشلۆنەی ئیسپانی، بە شێوەیەکی فەرمی هەموو ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە کە باس لەوە دەکەن گوایە لە داهاتوویەکی نزیکدا ڕیزەکانی یانە کەتەلۆنییەکە جێدەهێڵێت. سەرچاوەکانی نزیک لە یاریزانەکە ڕایانگەیاندووە، ڕافینیا لە باشترین قۆناغی کاروانی وەرزشیدایە و متمانەی بە تواناکانی هەیە بۆ ئەوەی ببێتە فاکتەرێکی سەرەکی لە بەدەستهێنانی ئەنجامە باشەکانی یانەی بلاوگرانا.

مەرجێکی بێوێنە بۆ ڕۆیشتن

بەپێی ئەو زانیارییانەی ڕۆژنامەی ‘سپۆرت’ بڵاویکردوونەتەوە، ڕافینیا تەنها لە یەک حاڵەتدا بیر لە جێهێشتنی یانەی بەرشلۆنە دەکاتەوە. ئەستێرە تەمەن ٢٩ ساڵەکە بە کەسە نزیکەکانی گوتووە، کە تەنیا لە دوای بەدەستهێنانی نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا (چامپیۆنزلیگ) لەگەڵ بەرشلۆنە، ئامادەیە بە بیرۆکەی ڕۆیشتن ڕازی بێت و یانەکە جێبهێڵێت. ئەمەش ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ پابەندبوونی تەواوی یاریزانەکە بە پڕۆژەکەی بەرشلۆنە و ئامانجە گەورەکانی.

گرنگیپێدانی زۆری یانەکانی تر

سەرەڕای ئەو سووربوونەی ڕافینیا لەسەر مانەوە، یاریزانە بەڕازیلییەکە لەم وەرزەدا ئاستێکی بەرزی پێشکەش کردووە، ئەمەش وایکردووە چەندین یانەی گەورەی ئەوروپی و هەروەها یانەکانی خولی پیشەگەریی سعودیە گرنگییەکی زۆر بە گواستنەوەی بدەن. ئەم داواکارییە زۆرە بۆ گواستنەوەی ڕافینیا، لە کاتێکدایە کە بەرشلۆنە بەردەوام لە هەوڵی بەهێزکردنی باری دارایی خۆیدایە.

ژمارەکانی لەگەڵ یانە کەتەلۆنییەکە

لەوکاتەوەی ڕافینیا پەیوەندی بە یانەی بەرشلۆنەوە کردووە، ژمارەیەکی سەرنجڕاکێشی لە خول و پاڵەوانێتییە جیاوازەکاندا تۆمارکردووە. ئەو توانیویەتی لە ١٥٧ یاریی فەرمیدا بەشداری بکات، ٦٠ گۆڵ تۆمار بکات، و ٤٨ ئەسیستیش پێشکەش بە هاوڕێکانی بکات.

ئایا پێتوایە ڕافینیا لەگەڵ بەرشلۆنە دەتوانێت نازناوی چامپیۆنزلیگ بەدەستبهێنێت؟

ئیسماعیل عەلی ڕۆژنامە نوسی وەرزشی تایبەت بە شارەزوور پرێس

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

− 2 = 6
Powered by MathCaptcha