میکێل ئارتێتا، ڕاهێنەری یانەی ئارسیناڵی ئینگلیزی، بە سەرسامییەکی زۆرەوە چاودێری ئاستی یەکێک لە گەوهەرە گەنجەکانی یانەی ئەی سی میلانی ئیتالی دەکات. بەگوێرەی دوایین هەواڵە وەرزشییەکان، ئارتێتا بڕیاری داوە بە هەر نرخێک بێت “دەیڤید بارتیساگی” بەرگریکاری لاوی میلان پەلکێشی ڕیزەکانی “گەنەرز” بکات.
ئارەزووەکانی ئارسیناڵ و پێگەی بارتیساگی ڕۆژنامەی بەناوبانگی “لا گازیتا دیلۆ سپۆرت”ی ئیتالی ئاشکرای کردووە کە یانەی ئارسیناڵ ئارەزوویەکی ڕژدی نیشانداوە بۆ گواستنەوەی ئەم بەرگریکارە باڵی چەپە. بارتیساگی تەمەن 19 ساڵ، کە بەرهەمی ئەکادیمیای “میلانێلۆ“یە، لەم وەرزەدا سەرکەوت بۆ تیپی یەکەمی میلان و توانیویەتی بە ئاستە بەرزەکەی سەرنجی گەورە یانەکانی ئەوروپا ڕابکێشێت.
ئاستی تەکنیکی و ئامارەکان بارتیساگی تەنها لە بەرگریدا بەهێز نییە، بەڵکو لە ڕووی هێرشبەریشەوە یارمەتیدەرێکی باشی تیپەکەی بووە. لەم وەرزەدا و لە کۆی بەشداریکردنی لە 13 یاری لەسەرجەم خول و پاڵەوانێتییەکاندا، توانیویەتی 2 گۆڵ تۆمار بکات و گۆڵێکیش بۆ هاوڕێکانی دروست بکات، ئەمەش بۆ یاریزانێکی هێڵی بەرگری ئامارێکی سەرنجڕاکێشە.
هەڵوێستی یانەی میلان و گرێبەستەکەی سەرەڕای گوشارەکانی ئارسیناڵ، یانەی ئەی سی میلان بە ئاسانی دەستبەرداری ئەم بەهرەمەندە نابێت. یانە ئیتالییەکە دەیەوێت وەک بەشێک لە پڕۆژەی داهاتووی یانەکە پاریزگاری لێ بکات، بەتایبەت کە یاریزانەکە گرێبەستێکی درێژخایەنی تا هاوینی ساڵی 2030 لەگەڵ “ڕۆسۆنێری” هەیە. لە ئێستادا بەهای بازاڕیی ئەم یاریزانە لە بۆرسەی گواستنەوەی یاریزانان بە 18 ملیۆن یۆرۆ دەخەمڵێندرێت، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت میلان داوای بڕە پارەیەکی زۆر زیاتر بکات بەرامبەر فرۆشتنی.
ئەم هەوڵەی ئارسیناڵ نیشانەی ئەوەیە کە ئارتێتا دەیەوێت هێڵی بەرگری تیپەکەی بە یاریزانی گەنج و خاوەن وزەی بەرز نوێ بکاتەوە، بەڵام دەبێت چاوەڕێ بکەین ئایا لە مێرکاتۆی داهاتوودا دەتوانێت میلان ڕازی بکات یان نا.
ئیسماعیل عەلی ڕۆژنامە نوسی وەرزشی تایبەت بە شارەزوور پرێس