مایکل ئۆلیس، ئەستێرەی گەنجی یانەی بایرن میونشن، بە ئاستە بەرزەکەی هەمووانی سەرسام کردووە و خۆی وەک یەکێک لە کاریگەرترین یاریزانەکانی ئێستای جیهان چەسپاندووە. ئەم یاریزانە کە لە هاوینی 2024دا بە گرێبەستێکی 60 ملیۆن یۆرۆیی لە کریستاڵ پاڵاسەوە ڕووی لە یانە باڤارییەکە کرد، توانیویەتی لە یەکەم وەرزی حضوریدا ببێتە مەکینەی دروستکردنی گۆڵ و نازناوی بوندسلیگا و جامی سوپەری ئەڵمانیاش بەدەستبهێنێت.
باڵادەستی بەسەر ئامارەکانی جیهاندا
بەپێی نوێترین ئامارەکانی پێگەی جیهانی “ترانسفێر مارکێت”، مایکل ئۆلیس بۆ ساڵی 2025 ریکۆردێکی مێژوویی تۆمار کردووە. ئەم یاریزانە تەمەن 24 ساڵە کە لە هەردوو پێگەی باڵی ڕاست و ناوەڕاستی هێرشبەردا یاری دەکات، توانیویەتی لە کۆی 66 یاری لەگەڵ یانە و هەڵبژاردەی فەرەنسا، 30 ئەسیست (دروستکردنی گۆڵ) ئەنجام بدات. بەمەش ئۆلیس پلەی یەکەمی لەسەر ئاستی سەرجەم خولەکانی جیهان گرتووە.
پێشەنگی لەبەردەم ئەفسانەکاندا
ئەنجامە ناوازەکانی ئۆلیس وایکردووە تەنانەت پێش لیۆنێل مێسی ئەفسانەی ئەرجەنتینیش بکەوێت. مێسی لەگەڵ یانەی ئینتەر میامی و تانگۆ لەم ساڵەدا بەشداری 55 یاری کردووە و خاوەنی 29 ئەسیستە، کە ئەمەش ئۆلیس بە جیاوازی یەک ئەسیست دەخاتە پێش براوەی 8 خەڵاتی باڵۆن دۆر.
ڕکابەرەکانی تری لیستەکە
لە پلەی سێیەمی ئەم لیستەدا، لامین یامالی ئەستێرەی لاوی بارسێلۆنا و هەڵبژاردەی ئیسپانیا دێت کە لە 60 یاریدا 27 ئەسیستی هەیە. هەروەها ریاز مەحرەزی جەزائیری و ئەستێرەی یانەی ئەهلی سعوودی لە پلەی چوارەمدایە، کە توانیویەتی لە 53 یاریدا 25 جار هاوڕێکانی بەرامبەر گۆڵ ڕەها بکات.
کلیلە سەرەکییەکەی کۆمپانی و دیشام
ئەم ئامارانە دەیسەلمێنن کە بۆچی ڤینسێنت کۆمپانی لە بایرن و دیدیێ دیشام لە هەڵبژاردەی فەرەنسا، ئۆلیس وەک ڕەگەزێکی دانەبڕاو و سەرەکی لە پلانەکانیاندا دەبینن. گواستنەوەی ئەم یاریزانە بۆ بایرن میونشن نەک تەنها هێزی هێرشبەری یانەکەی زیاد کردووە، بەڵکو بووەتە هۆی گەڕانەوەی باوەڕبەخۆبوون بۆ هێڵی پێشەوەی یانە گەورەکەی ئەڵمانیا.

ئیسماعیل عەلی ڕۆژنامە نوسی وەرزشی تایبەت بە شارەزوور پرێس