ڕیاڵ مەدرید لە تاقیکردنەوەیەکی قورسدا ڕووبەڕووی ئەتلەتیکۆ مەدرید دەبێتەوە…

یانەی ڕیاڵ مەدرید ئەمڕۆ یەکێک لە قورسترین ڕووبەڕووبوونەوەکانی ئەم وەرزە و دێربی مەدرید لە یاریگای وەندەر میترۆپۆلیتانۆ، بەرامبەر ئەتلەتیکۆ مەدرید ئەنجام دەدات. پێش ئەم یاریە ڕیاڵ مەدرید بە بردنەوەی سەرجەم یارییەکانی، ١٨ خاڵی کۆکردۆتەوە و لە پێشەنگی خولەکەدایە. لە بەرامبەردا، ئەتلەتیکۆ مەدرید بە کۆکردنەوەی ٩ خاڵ لە پلەی نۆیەمی ڕیزبەندییەکەدایە و ئەم یارییە وەک دەرفەتێک بۆ بەدەستهێنانی سێ خاڵی گرنگ دەبینێت.

ئەتلەتیکۆ دەیەوێت درێژە بە ئاستە باشەکەیان بدات بەرامبەر ڕیاڵ مەدرید لە لالیگادا، چونکە کۆتا پێنج ڕووبەڕووبوونەوەی نێوانیان ڕیاڵ مەدرید نەیتوانیوە هیچ بردنەوەیەک تۆمار بکات.

چاڤی ئەلۆنسۆی ڕاهێنەری ڕیاڵ مەدرید دەربارەی یاریەکە ستایشی گەشەسەندنی پێکهاتەی ئەتلەتیکۆی کرد و دڵنیایە کە ئەوان لەم وەرزەدا شەڕ بۆ هەموو نازناوەکان دەکەن. ئەلۆنسۆ پێشبینی یارییەکی زۆر قورس دەکات لە ڕووی سۆزداری و تاکتیکییەوە؛ ئەو تیشکی خستە سەر ئاستی بەرزی ڤینیسیۆس جونیۆر کە بە بەشێکی بنەڕەتی بۆ تیپەکەیان دایدەنێت، هەروەها دانی بەوەدا نا کە جود بێلینگهام لە دۆخێکی نایاب دایە و دەبێت سوودی لێ وەربگیرێت.

دیێگۆ سیمیۆنیی ڕاهێنەری ئەتلەتیکۆ مەدریدیش ستایشی هێزی بەکۆمەڵی ڕیاڵ مەدریدی کرد، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە جیاوازی خاڵەکان لەم جۆرە یارییانەدا گرنگ نییە. سیمیۆنی بڕوای بە ڕۆڵی یاریزانەکان هەیە و پێی وایە ئەوانن کە جیاوازی دروست دەکەن. ئەو پێشبینی دەکات “کوالیتی تیپەکان و لێدانی یەکلاکەرەوە” ئەنجامی یاریەکه دیاری دەکەن و ئەم دێربییە جەنگی ڕاستەقینەی ناوەڕاستی یاریگایە و تاقیکردنەوەیەکی چارەنووسسازە بۆ هەردوو یانە.

ئیسماعیل عەلی ڕۆژنامەنوسی وەرزشی تایبەت بە شارەزوور پرێس.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

2 + 7 =
Powered by MathCaptcha