هەردوو یانەی گەورەی میلانۆ، ئینتەرمیلان و ئەی سی میلان، لە قۆناغێکی چارەنووسسازدان بۆ کڕینی ئەو زەوییەی کە یاریگای سان سیرۆی لەسەرە، بە مەبەستی دروستکردنی یاریگایەکی نوێ. یانەکان پێشنیاری ١٩٧ ملیۆن یۆرۆیان کردووە بۆ کڕینی زیاتر لە ٢٨ هێکتار زەوی گشتی و دروستکردنی یاریگایەکی نوێ بە توانای ٧١،٥٠٠ کورسی لە تەنیشت یاریگای ئێستا، کە دیزاینەکەی لەلایەن کۆمپانیا بەناوبانگەکانی Foster and Partners و MANICA کراوە. بەپێی پلانەکە، بڕیارە کارکردن لەسەر یاریگا نوێیەکە لە نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٧ دەست پێبکات، و پێشبینی دەکرێت لە ساڵی ٢٠٣١ یاریگاکە بکرێتەوە. دوای کردنەوەی، سان سیرۆی ئێستا دەڕوخێنرێت (کە بەهۆی ئۆڵۆمپیادی ٢٠٢٦ـەوە تا ئەو کاتە بەکاردێت) و شوێنەکەی دەگۆڕێت بۆ پارک، ئۆفیس و ناوەندی کات بەسەربردن. بەڵام ئەم پڕۆژەیە بەهۆی بڕیارێکی سیاسی و ئاستەنگی یاساییەوە ڕووبەڕووی مەترسی بووەتەوە. فرۆشتنی زەوییە گشتییەکە پێویستی بە پەسەندکردنی ئەنجومەنی شارەکەی میلانۆ هەیە، و بڕیاریشە فرۆشتنەکە پێش کۆتایی ئەم مانگە تەواو بکرێت، چونکە دواتر فەرمانی پاراستنی بینا گشتییەکان دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە و ڕێگە لە ڕووخاندنی سان سیرۆ دەگرێت، لە لایەکی ترەوە، چەندین ئەندام لە ئەنجومەنی شارەکە دژی فرۆشتنەکەن و چاوەڕوان دەکرێت تانەدانێکی زۆر لەلایەن ئەو لایەنانەی کە دەیانەوێت یاریگاکە بمێنێتەوە تۆمار بکرێت، کە پڕۆسەکە دەباتە دادگا. لەم بارودۆخەدا، جۆزێپی مارۆتا، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئینتەر، بە ڕاشکاوانە ڕایگەیاندووە کە ئەگەر ڕێگری لە فرۆشتنەکە بکرێت، “هەردوو یانە ناچار دەبن میلان بەجێبهێڵن” و بچنە شارۆچکەکانی دەوروبەری. چارەنووسی یاریگای نوێ و مانەوەی ئینتەر و میلان لە میلانۆ بەندە بە دەنگی ئەندامانی ئەنجومەنی شارەکەوە لە چەند هەفتەی داهاتوودا.
ئیسماعیل عەلی ڕۆنامەنوسی وەرزشی تایبەت بە شارەزوور پرێس.

