چاوەڕوانیی یارییەکی چارەنووسساز و برایانە لە نێوان نەورۆز و زاخۆ.

سبەی شەممە، یاریگای نێودەوڵەتی زاخۆ میوانداری یارییەکی گەرم و پڕ لە گرنگی دەکات لە چوارچێوەی گەڕی چوارەمی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا، کە تیایدا یانەی نەورۆز دەبێتە میوانی یانەی زاخۆ.
ئەم یارییە لە چەند ڕوویەکەوە گرنگییەکی زۆری هەیە، بە تایبەت بۆ هەردوو یانە کە هەوڵی بەدەستهێنانی پێگەیەکی باشتر دەدەن لە سەرەتای ئەم وەرزەدا. هەروەها ڕووبەڕوو بونەوەکە لە نێوان دوو یانەی کوردیدا دەبێت.

هەردوو یانەی نەورۆز و زاخۆ تا ئێستا لە سێ یاریی ڕابردوودا تەنها توانیویانە سێ خاڵ کۆبکەنەوە.
نەورۆز: خاوەنی بردنەوەیەک و دوو شکستە، لە ئێستادا لە پلەی یانزەیەمی ڕیزبەندییەکەدا دەبینرێت.
زاخۆ: بە هەمان شێوە سێ خاڵی هەیە، بەڵام بەهۆی جیاوازی گۆڵەوە لە پلەی سیانزەهەمی ڕیزبەندییەکەدایە.

بردنەوەی ئەم یارییە بۆ هەر یەکێک لە یانەکان هەنگاوێکی گەورە دەبێت بۆ دوورکەوتنەوە لە ناوچەی خوارەوەی خولەکە و بەرزکردنەوەی ورەی یاریزانان و ڕاهێنەران. بەتایبەتی بۆ نەورۆز، بردنەوەی دووەم یاری لەسەریەک بەرامبەر زاخۆ پاڵپشتییەکی گەورە دەبێت بۆ ڕاهێنەر یاسین ئاراس و یاریزانەکانی.


پەیامی برایەتی و ڕۆحی وەرزشی :

جگە لە گرنگیی تەکتیکی و خاڵەکان، یارییەکەی سبەینێ بایەخێکی مرۆیی و وەرزشی گەورەی هەیە. بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕووداوانەی پێشتر لە نێوان هاندەرانی هەردوو یانەدا ڕوویاندا، چاوەڕوانی دەکرێت هاندەرانی زاخۆ بە گەرمی پێشوازی لە هاندەرانی نەورۆز بکەن و دەستی برایەتی بۆ یەکتر درێژ بکەن.
ئەم هەڵوێستە ئەرێنییە جەخت لەسەر ئەو پەیامە دەکاتەوە کە تۆپی پێ تەنها هۆکارێکە بۆ کۆکردنەوە و ئاشتی، نەک دروستکردنی کێشە و توندوتیژی. سەرکەوتنی هەر یانەیەک بێت، گرنگ ئەوەیە ڕۆحی وەرزشی باڵا بێت.

پوختەی زانیاریەکانی یاریەکە ::

نەورۆز  Vs  زاخۆ

بۆنە / خولی ئەستێرەکانی عێراق | گەڕی چوارەم

ڕۆژی شەممە | کاتژمێر ٨:٣٠ـیی شەو

یاریگای نێودەوڵەتی زاخۆ

ئیسماعیل عەلی ڕۆژنامەنوسی وەرزشی تایبەت بە شارەزوور پرێس

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

+ 61 = 63
Powered by MathCaptcha