بادین حەسۆ لە ئەڵمانیا بووە پاڵەوان و بە ئاڵای کوردستانەوە ئاهەنگی گێڕا.

بادین ئیدریس حەسۆ زۆزانی، بۆکسێنەری کوردی ئێزدی و خەڵکی شێخان، توانی لە سەرکەوتنێکی گەورەدا نازناوی جیهانی (WBC) لە یاریی بۆکسێنگدا بەدەستبهێنێت. ئەم یاریزانە تەمەن ٣١ ساڵە، دوای بردنەوەی لە ڕکابەرە پاکستانییەکەی، سەرکەوتنەکەی پێشکەش بە گەلی کوردستان کرد و بە ئاڵای پیرۆزی کوردستانەوە ئاهەنگی گێڕا.
بردنەوەیەکی خێرا لە گەڕی سێهەمدا
لە شاری ئۆبەرهاوسنی ئەڵمانیا، بادین حەسۆ ڕووبەڕووی یاسر ئەحمەد مالیکیی یاریزانی پاکستانی بووەوە. ئەمە نۆهەمین بردنەوەی ئەمساڵی یاریزانەکە بوو. حەسۆ پێش یارییەکە ئاشکرای کرد کە سێ مانگە بە چڕی خۆی ئامادە دەکات و بەردەوامە لە مەشقکردن لەگەڵ ڕاهێنەرەکەی، یوسف ڕەمەزان.
یارییەکە جەنگێکی بەهێز بوو، بەڵام لە گەڕی سێهەمدا بادینی بەهێز توانی ڕکابەرەکەی لە زەوی بدات و بە لێدانی کۆتایی (Knockout) بردنەوە مسۆگەر بکات و هۆڵی یارییەکە بکاتە مەڵبەندی خۆشی و ئاهەنگ.


پێشوازیی نەتەوەیی بە ئەی ڕەقیب
سەدان کوردی دانیشتووی ئەڵمانیا چوونە پاڵپشتیی حەسۆ. یاریزانەکە بە جلوبەرگێکی تایبەتەوە کە نەخشەی ئاڵای کوردستانی لەسەر بوو، و بە سروودی ئەی ڕەقیبەوە چووە سەر ستەیج، کە خۆشەویستی و دڵسۆزیی بۆ خاکەکەی دووپاتکردەوە.
دوای سەرکەوتنەکە، پاڵەوانەکە پەیامێکی دڵسۆزانەی ڕاگەیاند: “ئەم پاڵەوانبوونەم دیارییە بۆ گەلی کورد و کوردستان. بۆ سەرۆکمان مەسعود بارزانی، نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی.”

شایی کوردی هۆڵەکەی تەنی
بەدەستهێنانی خەڵاتی (WBC) هۆڵەکەی بە شادیی تەنی. بادین حەسۆ و هاندەرانی بە ئاڵای کوردستانەوە ئاهەنگی سەرکەوتنیان گێڕا. دەنگی دەل و زوڕنا و شایی بەکۆمەڵی کوردی بووە کۆتاییەکی شایستە بۆ سەرکەوتنێکی وەرزشیی کە بووە هۆی بەرزڕاگرتنی ناوی کورد لەسەر ئاستی جیهان.
بادین حەسۆ، کە پێشتر لە یاریی کیک بۆکسێنگدا یاریزانێکی بەنێوبانگ بوو، ئەمڕۆ سەرکەوتنەکەی لە بۆکسێنگدا بۆ مێژووی وەرزشیی کوردستان تۆمار کرد.



ئیسماعیل عەلی ڕۆژنامەنوسی وەرزشی تایبەت بە شارەزوور پرێس.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

40 − 34 =
Powered by MathCaptcha