شاندی فەرمیی هەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراق گەیشتە سعودیە بۆ ئەنجامدانی دوو یاریی سەرەکی و چارەنووسساز لە قۆناغی پاشکۆی پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە جامی جیهانی ٢٠٢٦. بڕیارە شێرەکانی ڕافیدەین هەر زوو دەست بە مەشق و ئامادەکارییەکانیان بکەن بۆ بەدەستهێنانی یەکێک لە بلیتەکانی کیشوەری ئاسیا.
ڕۆڵی گرنگی یاریزانە کوردەکان لە شاندەکەدا
ئەمجارە نوێنەرایەتیی یاریزانە کوردەکان لە ڕیزی هەڵبژاردەی عێراقدا بە شێوەیەکی بەرفراوان دەردەکەوێت. شەش یاریزانی کورد بۆ ئەم دوو یاریه گرنگە بانگهێشت کراون، کە بوونەتە هێزێکی نوێ و جێگەی ئومێدی هاندەران.
لە دەرەوەی وڵات، مێرخاس دۆسکیی یاریزانی ڤیکتۆریا پڵزنی چیکی، یوسف ئەمینی یاریزانی ئایک لارناکای قوبرسی، و مارکۆ فەرەجی یاریزانی ستڕۆمسگۆدسێتی نەرویجی، بەشێکن لەو یاریزانە پرۆفیشناڵانەی ڕاستەوخۆ لە ئەوروپاوە گەیشتوونەتە سعودیە. هەروەها لە یانە ناوخۆییەکانیش، شێرکۆ کەریم و ئوسامە ڕەشیدی یانەی زاخۆ، لەگەڵ ئاکام هاشمی یانەی زەورا، لە ڕیزی پێشەوەی یاریزانە گرنگەکانی عێراقن.
خشتەی یارییە چارەنووسسازەکانی عێراق
هەڵبژاردەی عێراق لەم ماوەیەدا دوو
ڕووبەڕووبوونەوەی یەکلاکەرەوەی لەپێشە:
* یاریی یەکەم: ڕۆژی شەممەی داهاتوو لە بەرامبەر هەڵبژاردەی ئیندۆنیزیا، کاژێر ٢٢:٣٠ بە کاتی هەولێر.
* یاریی دووەم: ڕۆژی سێشەممەی داهاتوو لە بەرامبەر سعودیە، کە دوای گۆڕانکاری لە کاتەکەیدا، کاژێر ٢١:٤٥ بە کاتی هەولێر بەڕێوەدەچێت.
بەپێی سیستەمی پاشکۆی ئاسیا، یەکەمی هەردوو کۆمەڵە ڕاستەوخۆ دەگەنە مۆندیالی ٢٠٢٦، لەکاتێکدا دووەمی کۆمەڵەکان بۆ بەدەستهێنانی دوا بلیت، دەبێت ڕووبەڕووی یەک و پاشان ڕکابەرێکی نێوان کیشوەرەکان ببنەوە.
ئەم دوو یارییە بڕیاردەرن بۆ گەیشتن بە گەورەترین پاڵەوانێتی جیهان و هیوای زۆری هاندەرانی عێراق لەسەر هەوڵ و توانای یاریزانە بەئەزموونەکانی شاندەکەیە.
ئیسماعیل عەلی ڕۆژنامەنوسی وەرزشی تایبەت بە شارەزوور پرێس.
