هالاند پارەی خواردنی منداڵانی بەریتانیا دەدات و دڵی هەزاران منداڵ و دایک و باوک خۆش دەکات.

ئێرلینگ هالاند، هێرشبەری یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی، لە دەستپێشخەرییەکی مرۆییدا کە دەیویست بەنهێنی بنێنێتەوە ، پارەی خواردنی هەزاران منداڵی لە قوتابخانەکانی بەریتانیا دابین کردووە. ئەم منداڵانە خێزانەکانیان بەهۆی قەیرانی داراییەوە توانای دابینکردنی پارەی ساڵانەی خواردنی منداڵەکانیان نەبووە، بەوهۆیەوە منداڵەکان لە قوتابخانەکان بەبێ خواردن مابوونەوە.
دابینکردنی ٦٥٤ هەزار پاوەند بە نهێنی
میدیاکانی بەریتانیا ئاشکرایان کردووە، هالاند بە بڕی ٦٥٤ هەزار پاوەند (کە دەکاتە نزیکەی ملیارێک و ١٤٤ ملیۆن دیناری عێراقی) قەرزی خواردنی منداڵانی ٨٥ قوتابخانەی داوەتەوە.
گەرچی هێرشبەرە نەرویجییەکە بە توندی پێداگیری لەسەر ئەوە کردووە کە ئەم کارە خێرخوازییە بە نهێنی بمێنێتەوە و هیچ کەسێک پێی نەزانێت، بەڵام بەڕێوەبەرانی ئەو قوتابخانانە نەیتوانیوە نهێنییەکە بشارنەوە. ئەوان ئەم هەواڵە خۆشەیان بە دایک و باوکی منداڵەکان ڕاگەیاندووە و دڵیان خۆش کردوون، بەوەی هالاند قەرزی خواردنی منداڵەکانیانی بۆ داونەتەوە.

سەرچاوەکان ئاشکرایان کردووە، بەشێک لەو منداڵانەی بەهۆی نەبوونییەوە نەیاندەتوانی پارەی خواردنی مانگانەیان بدەن، کاتێک لەلایەن بەڕێوەبەرانەوە ئاگادار کراونەتەوە کە لەمەودوا دەتوانن خواردن بخۆن و پارەی خواردنی ساڵانەیان دابینکراوە، لە خۆشییەکی زۆریدا دەستیان بە گریان کردووە.
یەکێک لە دایک و باوکی سوودمەندبووان لە هەژماری خۆی لە سۆشیاڵ میدیا نووسیویەتی: “نەمدەزانی چۆن پارەی خواردنی ساڵانەی منداڵەکەم لە قوتابخانە بدەم. کاتێک پێیان گوتم هالاند پارەی خواردنی منداڵەکەی لەجیاتی من داوە، نەمزانی لە خۆشییان چی بکەم و چی بڵێم.”

ئەم دەستپێشخەرییە مرۆییەی هالاند وەک کارێکی مەزنی مرۆڤدۆستیی ناودەبرێت کە لە کاتی قەیرانی دارایی و گرانی ژیاندا، هیوای گەڕاندووەتەوە بۆ هەزاران خێزان.

ئیسماعیل عەلی ڕۆژنامە نوسی وەرزشی تایبەت بە شارەزوور پرێس

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

+ 59 = 65
Powered by MathCaptcha