هاری كەین قورسترین ساتی وەرزشی ژیانی یاریکردنی خۆی ئاشکرا دەکات.

لێدوانە نوێیەکانی هێرشبەرەکەی ئینگلاند، هاری كەین، دەریدەخات کە چۆن لەدەستدانی لێدانە گرنگەکەی لە قۆناغی چارەکی کۆتایی جامی جیهانی ٢٠٢٢، بووەتە خاڵێکی ڕەش لە ژیانی وەرزشیدا.

هێرشبەرە بە ئەزموونەکەی هەڵبژاردەی ئینگلاند و کاپتنی یانەی بایرن میونشن، هاری كەین، بە شێوەیەکی ئاشکرا ئاماژەی بەوە کرد کە ساتە ناخۆشەکەی بەرامبەر فەرەنسا لە مۆندیالی ٢٠٢٢ ی قەتەر ، خراپترین ساتی ژیانی وەرزشی بووە.
لە قۆناغی هەشتی ئەو پاڵەوانێتییەدا، لە کاتێکدا ئینگلتەرا بە ئەنجامی ٢-١ لە بەرامبەر فەرەنسا لە دوا بوو ، ناوبژیوان لێدانێکی سزای بۆ ئینگلاند هەژمار کرد، بەڵام کەین نەیتوانی ئەو لێدانە بکاتە گۆڵ و ئەنجامەکە یەکسان بکاتەوە. ئەم شکستە بووە هۆی دەرچوونی ئینگلاند لە پاڵەوانێتییەکە.

كەین دەربارەی ئەو ڕووداوە جەختی کردەوە کە هەست بە بەرپرسیارییەتییەکی زۆر دەکات و تا ئێستاش کاریگەریی ئەو شکستە بەسەرەوە ماوە: “ئەو زامەی کە تا ئەم کاتە لە جەستەم دروست بووە، ئێستاش کاتێک بیرم دەکەوێتەوە، بەدەستییەوە دەناڵێنم.”

جامی جیهانی ٢٠٢٦ ئومێد بە هاری کەین دەدات بۆ ڕاستکردنەوەی هەڵەکەی.

هاری كەین بە تەواوی ئومێدەکانی خستووەتە سەر جامی جیهانی ٢٠٢٦. ئەو دەیەوێت ئەو یادەوەرییە تاڵە بە سەرکەوتنێکی گەورە قەرەبوو بکاتەوە و زامە کۆنەکەی سارێژ بکات.
ئەو گوتی: “هیوادارم ئەو زامەی کە تا ئەم کاتە لە جەستەم دروست بووە لە مۆندیالی ٢٠٢٦ سارێژی بکەم و قەرەبووی بکەمەوە. هەموو خەونی منیش ئەوەیە جامی مۆندیال بەرز بکەمەوە.”
لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، ئینگلاند بە شێوەیەکی فەرمی سەرکەوتنی بۆ مۆندیالی ٢٠٢٦ مسۆگەر کردووە. لە دوایین یارییەکانی پاڵاوتنەکاندا، ئینگلاند بە ئەنجامی گەورەی ٥-٠ لە لاتیڤیای بردەوە. کەین لەو یارییەدا دوو گۆڵی تۆمار کرد، بەمەش ژمارەی گۆڵە نێودەوڵەتییەکانی گەیاندە ٧٦ گۆڵ.

بەردەوامبوون و گەشتن بە ئامانجی ١٠٠ گۆڵ.

سەبارەت بە داهاتووی وەرزشی و پرسیارکردن لەبارەی ئەگەری گەیشتنی بە ١٠٠ گۆڵ لەگەڵ هەڵبژاردەی نیشتیمانی، هێرشبەرە تەمەن ٣٢ ساڵەکە هیوا و متمانەی بە خۆی دەربڕی.

کاپتنەکەی بایرن میونشن گوتی: “نازانم لە داهاتوودا چی ڕوودەدات، بەڵام هەستێکی زۆرباشم بۆ یاریکردن هەیە. لە ڕووی دەروونی و جەستەییەوە، لەگەڵ تۆپ و بەبێ تۆپ، ئامادەم بۆ ساڵانێکی زۆر بەردەوام بم و هیچ فشارێک کارم لێ ناکات.”

ئیسماعیل عەلی ڕۆژنامە نوسی وەرزشی تایبەت بە شارەزوور پرێس

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

4 + 5 =
Powered by MathCaptcha