یانیک سینەر بۆ دووەم ساڵ لەسەریەک بووە پاڵەوانی “دۆستانەی شەش پاشاکان” و ٦ ملیۆن دۆلاری بردەوە

لە یاری کۆتایی پاڵەوانێتی نمایشی و گرانبەهای “دۆستانەی شەش پاشاکان” (Six Kings Slam) کە لە سعودیە بەڕێوەچوو، یانیک سینەری ئیتاڵی توانی سەرکەوتنێکی یەکلاکەرەوە بەدەستبهێنێت. سینەر لە ڕوبەڕووبوونەوەی کلاسیکۆی تێنسی سەر زەوی کە ئەمشەو کاتژمێر ٩:٠٠ بەڕێوەچوو، ڕووبەڕووی ڕکابەری سەرسەختی، کارلۆس ئەلکاراز، بووەوە.

لە ئەنجامێکی بەهێزدا، یانیک سینەر بە دوو سێتی خاوێن (٦-٢ / ٦-٤) شکستی بە ئەلکاراز هێنا و نازناوەکەی بەدەستهێنا. بەم بردنەوەیە، سینەر بۆ دووەم ساڵ لەسەریەک بووە پاڵەوانی ئەم پاڵەوانێتییە دۆستانەیە کە بە بڕە خەڵاتە زەبەلاحەکەی بەناوبانگە.

خەڵاتێکی مێژوویی
سینەر بەهۆی ئەم دەستکەوتە گەورەیەوە، لە ماوەی تەنها ٤ ڕۆژ و ئەنجامدانی سێ یاری، خەڵاتێکی دارایی گەورەی بە بڕی ٦ ملیۆن دۆلار وەرگرت. ئەم بڕە پارەیە لە دوو بەشی سەرەکی پێکهاتبوو:

  • ١.٥ ملیۆن دۆلار وەک بڕی بەشداریکردن لە پاڵەوانیەتییەکە.
  • ٤.٥ ملیۆن دۆلار وەک خەڵاتی بەدەستهێنانی نازناوەکە.

جێگەی سەرنجە، هەر شەش یاریزانە بەشداربووەکەی پاڵەوانێتییەکە تەنها لە بڕی بەشداریکردن ١.٥ ملیۆن دۆلاریان پێدرا، کە ئەوەش گەورەیی پاڵەوانێتییەکە لە ڕووی داراییەوە نیشان دەدات.

دیاریکردنی پلەی سێیەم
پێش یاریی کۆتایی، یاری دیاریکردنی پلەی سێیەم و چوارەم بەڕێوەچوو، کە تێیدا نۆڤاک جۆکۆڤیچی ئەستێرە ڕووبەڕووی تەیلۆر فریتزی ئەمریکی بووەوە.
فریتز بە سەرکەوتن بەسەر جۆکۆڤیچ توانی پلەی سێیەمی پاڵەوانێتییەکە بەدەست بهێنێت و شانبەشانی سینەر و ئەلکاراز بگاتە سەر سەکۆی ڕێزلێنان.

ئیسماعیل عەلی ڕۆژنامە نوسی وەرزشی تایبەت بە شارەزوور پرێس

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

8 + 2 =
Powered by MathCaptcha